توێژینەوەیەکی نوێ: مۆبایلی زیرەک مەترسیی تووشبوونی بەساڵاچووان بە گرفتێکی دەروونی زیاددەکات
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، بەکارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەکەکان هۆکارێکی تووشبوونی بەساڵاچووانە بە خەمۆکی.
توێژەران دەڵێن، ئەو بەساڵاچووانەی زۆر مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنن و سەیری ڤیدیۆ و هەواڵەکان دەکەن، زیاتر خۆیان لە کەسانی چواردەور جیادەکەنەوە، ئەمەش مەترسیی تووشبوونیان بە خەمۆکی زیاتر دەکات.
بەڵام یەکێک لە توێژەران باسی لەوە کردووە، کە ئەم کاریگەرییە نەرێنییە کەوتۆتەسەر ئەوەی ئەم کەسانە چۆن مۆبایل بەکاردەهێنن، ئەگەر بۆ پەیوەندیکردن بە کەسە نزیکەکانیانەوە بەکاریبهێنن، ئەوا دەکرێت سوودیان پێبگات، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە تەنیا بۆ سەیرکردنی هەواڵ و ڤیدیۆ بێت و خۆیان جیابکەنەوە، لەم کاتەدا مەترسیی تووشىوونیان بە خەمۆکی زیاددەکات.
لە توێژینەوەکەدا 2600 کەسی تەمەن 60 ساڵ یان زیاتر بەشداربوون، دەرکەوت ئەو کەسانە زیاتر نیشانەکانی خەمۆکییان هەیە کە بەبێ سنووردارکردنی کات، مۆبایلی زیرەک بەکاردەهێنن و ئالوودەی بوون.
ئەوەش دەرکەوتووە، ئەم مەترسییە لەسەر ئەو پیاوانە زیاترە کە خوێندەوارییەکی ئەوتۆیان نییە و لە زۆرینەی ئاپڵیکەیشنە ئاڵۆزەکان تێناگەن، هەربۆیە بە شێوازێکی هەڕەمەکی ئاپە ئاسانەکان بەکاردەهێنن، زۆرینەی ئەم ئاپانەش پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا یان یارییەکانن و وادەکەن ئاسانتر ئالوودەی ببن. ئەگەر ئەم کەسانە هاوسەر یان کەسێکی نزیک لەدەستبدەن، مۆبایل بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانیان بەکاردەهێنن، ئەمەش دووبارە مەترسیی خۆبەدوورگرتن و تووشىوونیان بە خەمۆکی زیاتردەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە یەکێک لەو کۆمەڵە کەسەی مەترسییان زیاتربوو، کەسانی خوێندەوار و دەوڵەمەند بوون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە کەسانی هەژار و دەوڵەمەندیشدا ئەم مەترسییە هەیە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا