چەند ڕێنماییەک بۆ باشترکردنی کوالێتیی تۆوی پیاوان

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی تۆوی پیاوان
وێنەی تۆوی پیاوان

د. هەڵۆ مستەفا ئورمزیار، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، چەند ڕێنماییەک سەبارەت بە تەندروستیی تۆوی پیاوان دەخاتەڕوو.

چۆن کوالێتیی تۆوی پیاوان باشتر بکرێت؟

بۆ ئەوەی کوالێتی و تەندروستیی تۆوی پیاوان بەرز ببێتەوە، ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکرێت:

  1. خواردنی تەندروست و دەوڵەمەند بە پێکهاتەی دژەشێرپەنجە بخورێت،  پێکهاتەی دژەشێرپەنجە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی تەندروستیی تۆوی پیاوان
  2. سەوزەوات، تەماتە، چەرەسات (بە تایبەت گوێز)، و ماسی بخورێن
  3. وەرگرتنی تەواوکەرییە ڤیتامینەکان بەپێی ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ
  4. دووربکەوەرەوە لە حەمامی گەرم، ساونا، جاکوزی و گەرمیی توند، چونکە  پلەی گەرمی بەرز دوژمنی یەکەمی گونەکانە و تۆوی پیاوان لەناو دەبات
  5. لە کاتی کارکردندا لاپتۆپ یان مۆبایل بۆ ماوەی درێژ نەخرێتە سەر ڕان
  6. جلوبەرگی ژێرەوە فراوان و کەتان بێت نەک جلی تەسک و نایلۆن
  7. وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و خواردنەوە کحولییەکان، چونکە کێشانی جگەرە و نێرگەلە دەبێتەهۆی دروستبوونی ماددەی ژەهراوی لە خوێندا، ئەمەش بە شێوەیەکی کوشندە شێوەی تۆوی پیاوان تێکدەدات و جووڵەکەیان کەم دەکاتەوە
  8. دابەزاندنی کێش و وەرزشی مامناوەند: قەڵەوی هاوسەنگیی ئاستی هۆرمۆنەکان ( بەتایبەت هۆڕمۆنی نێرینە) تێکدەدات
  9. وەرزشکردنی ڕۆژانە (وەک ڕۆشتنی خێرا یان ڕاکردن)، چونکە سووڕی خوێن لە ناوچەی حەوز و گونەکاندا چالاک دەکات، بەڵام دووربکەوەرەوە لەو وەرزشە توندانەی ماندوێتیی زۆر دروست دەکەن
  10. دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی، چونکە دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرز دەکەنەوە، کە کاریگەریی نەخوازراوی لەسەر بەرهەمهێنانی تۆوی پیاوان هەیە
  11. شەوانە حەوت تاوەکو هەشت کاتژمێر خەوی ئارام یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی تۆوی پیاوان

ڕێنوێنیی بۆ چارەخوازان

تۆوی پیاوان پێویستی بە نزیکەی 74ڕۆژ هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی گەشە بکات، بۆیە ئەو گۆڕانکارییە تەندروستانەی ئەمڕۆ لە شێوازی ژیاندا دەکرێت، دوای دوو مانگی دیکە ئەنجامە ئەرێنییەکەی دەبینرێتەوە.

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا