دوایین کاروانی ئاوارەکان گەڕانەوە؛ کۆتایی بە ئاوارەیی کوردانی عەفرین لە قامیشلۆ و حەسەکە هات
پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین گەیشتە وێستگەی کۆتایی و ئەمڕۆ سەرجەم ئەو خێزانە کوردانەی لە شارەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان مابوونەوە، بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوتن.
گەڕانەوەی کاروانی نۆیەم بۆ سەر ماڵ و حاڵیان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانی نۆیەمی ئاوارەکانی عەفرین لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکەوە بە فەرمی گەڕانەوە زێدی خۆیان. بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای کۆمەڵایەتی عەفرین، ئەم کاروانە دوایین کۆمەڵەی ئاوارەکان بووە کە لە قامیشلۆ، حەسەکە و کۆبانێ مابوونەوە و ژمارەیان نزیکەی 500 خێزان دەبێت. پێشتر لە ڕێگەی 8 کاروانی دیکەوە هەزاران خێزان گەڕابوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ پڕۆسەکە بە تەواوەتی کۆتایی هات.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم
گەڕانەوەی ئەم ئاوارانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی دێت کە لە 29-01-2025 لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا واژۆ کراوە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەو ڕێککەوتنە، فەراهەمکردنی زەمینەی گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانە بووە کە لە ساڵی 2018وە بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانەوە ئاوارە ببوون، تاوەکو بتوانن دووبارە لەسەر زێدی باووباپیرانیان نیشتەجێ ببنەوە.
نیشتەجێبوون لە شێرا و دۆخی دانیشتووانی عەفرین
بەشێک لەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە، لە گوندەکانی شارۆچکەی شێرا نیشتەجێ کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆخی دیمۆگرافیی شارەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئێستادا نزیکەی 1,500 خێزان لە خەڵکی دێرەزۆر، دیمەشق و حومس لە ناو شاری عەفرین نیشتەجێن، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی جەنگی ناوخۆی سووریاوە ڕوویان لەو شارە کردووە.
8 ساڵ لە دوای داگیرکردنی عەفرین
پڕۆسەی گەڕانەوەی دوایین کاروان لە کاتێکدایە کە لە 18-03-2018 سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر عەفریندا گرت. ئەو ڕووداوە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاونیشتمانیی کورد بۆ ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە دوای زیاتر لە 8 ساڵ لە دوورەوڵاتی و ژیان لە کەمپ و شارە غەریبەکان، ئەمڕۆ کۆتایی بە گەشتە تاڵەکەیان هات و گەڕانەوە ناو ماڵەکانی خۆیان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا