عەلی زەیدی لەگەڵ مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە

کەناڵ8 8 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەى عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا
کۆبوونەوەى عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە باڵەخانەی کۆنگرێس ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتۆرە باڵاکانی ئەمریکا پرسی ئاسایش و ئابووریی تاوتوێ کرد.

کۆبوونەوە لەگەڵ مایک جۆنسن

لە وێستگەیەکی گرنگی سەردانەکەیدا، عەلی زەیدی لەناو باڵەخانەی کۆنگرێس لەگەڵ مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە. لەم دیدارەدا باس لە پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و پەرلەمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و جەخت لەسەر پشتگیریکردنی سەروەریی عێراق و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی دەوڵەت کرایەوە.

تاوتوێکردنی دۆسیەی سەربازی لەگەڵ سیناتۆرەکان

سەرۆکوەزیرانی عێراق چاویکەوت بە ڕۆجەر ویکەر، سەرۆکی لیژنەی خزمەتی سەربازی لە ئەنجوومەنی پیران. لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە هەماهەنگییە ئەمنییەکان و داهاتووی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن کرا، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ قۆناغی نوێی پەیوەندییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

دیدار لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، زەیدی لەگەڵ جیم ڕیتش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی دیپلۆماسی و ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکەدا بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هاوبەشییە ستراتیژییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەمنی.

بەردەوامیی سەردانە هەفتەییەکەی زەیدی

سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ڕۆژی دووشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامداوە. بڕیارە ئەم سەردانە هەفتەیەک بخایەنێت و لە وێستگەکانی داهاتوودا، عەلی زەیدی زنجیرەیەک دیداری دیکە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان، سەرمایەداران و نوێنەرانی ڕەوەندی عێراقی لە ئەمریکا ئەنجام بدات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ ناو کەرتی ئابووریی عێراق.

کەناڵ8

8 کاتژمێر پێش ئێستا