واشنتن بە نزیکەی دوو ملیار دۆلار چەک بە سعودیە دەفرۆشێت

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ڕاگەیێندراوێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، دەرکەوتووە ئەمریکا ڕەزامەندیی داوە، بەبڕی نزیکەی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی چەک بە سعودیە بفرۆشرێت.

1 ملیار و 960 ملیۆن دۆلار

لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ فرۆشتنی چەک بە سعودیە داگیرساندووە، مامەڵەکە بڕی یەک ملیار و 960 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت، هەر ئەم پرۆسەیە پاڵپشتی لە ئامانجە سیاسییەکانی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەکات، لەڕێگەی بەهێزکردنی هاوپەیمانێکی سەرەکیی خۆی لە دەرەوەی ناتۆ.

20 هەزار چەکى پێشکەوتوو

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، سعودیە هەوڵدەدات 20 هەزار چەکی پێشکەوتوو کە بە تێچووەیەکی کەم ئامانجی خۆی دەپێکێت و زیانی لاوەکیشی کەمە، بەدەستبهێنێت، بریکاری سەرەکیی دابینکردنی ئەم چەکەش، کۆمپانیای بی ئی ئای سیستمز لە ویلایەتی نیوجێرسی دەبێت.

بەرپەرچدانەوەى هەڕەشەکان

باس لەوەشکراوە، لە ڕێگەی ئەم رێککەوتنەوە سعودیە تواناکانی لە بەرپەچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتووش بەهێز دەکات، بەتایبەت بەهۆی زیادکردنی هەماهەنگیی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و ناوچەکە و ناتۆش.

جەنگێکى دیکە لە بەردەرگاى ئێرانە

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، سعودیە لە سەرووبەندی دەستپێکردنی جەنگێکی دیکەدایە لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن، ئەمەش لە دوای ئەوەی حوسییەکان لە وەڵامی هێرشێکی سعودیە چەند مووشەکێکیان بە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی شاری ئەبها لە سعودیە هەڵدا.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا