وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کەناڵ8: بارکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوور بەردەوامە

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە سەکۆکانى هەناردەکردنى نەوتى عێراق لە بەندەرى ئوم قەسر لە بەسڕە
یەکێک لە سەکۆکانى هەناردەکردنى نەوتى عێراق لە بەندەرى ئوم قەسر لە بەسڕە

سەلیم فەرهوود، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بارکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوور بەردەوامە و بەهیچ جۆرێک ڕانەگیراوە.

پێشهاتى مەترسیدار بۆسەر وزەى عێراق

ئاماژەى بەوەشکرد، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە بەندەری بەسرە دواى لێکۆڵینەوەکانیان دەرئەنجامەکان بۆ ڕایگشتى بڵاودەکەنەوە.

دەنگۆى ڕاگیرانى هەناردە

ئەوەش دواى ئەوەدێت، ئاژانسى ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، بەهۆى هێرشى درۆنى بۆسەر کەشتیەکى نەوت هەڵگر لە بەسرە بارکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوور ڕاگیراوە.

ئاستى هەناردە بەرزبووەتەوە

بەگوێرەى داتاکان هەناردەی نەوت لە بەندەرەکانی بەسرە لە مانگی حوزەیران بۆ نزیکەی 870 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە مانگی ئایار سێ هێندەیە.

پێش جەنگ 3 ملیۆن و نیو هەناردە دەکرا

لە دواى دەستپێکردنى جەنگى ئەمریکا و ئێران و داخستنى گەرووى هوورمز، هەناردەى نەوتى عێراق دابەزینی بەرچاوی تۆمارکرد، لە کاتێکدا لە بەسرەوە لە مانگی شوباتى ڕابردوو زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیلى لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکرد.

هەناردەکردن لە ڕێگەى بەندەرى جەیهان

سۆمۆ ئاماژەى بەوەشکردووە، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بەندەرى جەیهانی تورکیا لە مانگی حوزەیران گەیشتووەتە نزیکەی 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بەگوێرەى ڕێکخراوى ئۆپێک کۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی شوباتی ڕابردوودا گەیشتبووە 4.22 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام دواى تێکچوونى دۆخى ناوچەکە و داخستنى گەرووى هوورمز، لە مانگی ئازار تاوەکو حوزەیران کۆی بەرهەمی وڵاتەکە بۆ خوار دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا