ئارنۆڵد لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە
بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی ناو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری عێراق، بەدەستهاتووە و تەنها چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی فەرمی لەلایەن فیدراسیۆن ماوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە فیدراسیۆن لە دوای هەڵسەنگاندنی کارەکانی ئارنۆڵد و پلانەکانی بۆ قۆناغی داهاتووی هەڵبژاردەکە، گەیشتووە بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ بەردەوامبوونی کارکردن لەگەڵ ڕاهێنەرە ئوسترالیەکە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، گراهام ئارنۆڵد سەرکردایەتیی عێراق دەکات لە پاڵەوانێتی جامی کەنداو و جامی ئاسیا ساڵى داهاتوو لە کاتێدا بڕیارە بەشێک لە دەستەی یاریدەدەران گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دەستەیەکی تا ڕادەیەک جیاواز لەو کادرەی ئێستای لەگەڵدا کار دەکات، لە قۆناغی داهاتوودا هاوکاری بککەن.
تا ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەبارەی درێژکردنەوەی گرێبەستی ئارنۆڵد بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە بە شێوەی فەرمی ڕابگەیەنرێت، ئەوا ڕاهێنەری ئوسترالیە بەردەوام دەبێت لە ڕاهێنەرێتى شێرەکانی ڕافیدەین.
گراهام ئارنۆڵد ساڵى ڕابردوو بە شێوەی فەرمی وەک ڕاهێنەری نوێی عێراق دەستبەکاربوو و جێگەی خێسوس کاساسی ئیسپانیی گرتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا