تورکیا: کاروبارەکانی تایبەت بە ئێس-400ـی ڕووسی چڕبوونەتەوە

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی ساتی گەیشتنی سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس- 400ـی ڕووسی بە تورکیا
دیمەنی ساتی گەیشتنی سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس- 400ـی ڕووسی بە تورکیا

لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا، تورکیا سیستمی بەرگریی ئێس-400ـی ڕووسی فرۆشتبێت، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە دەڵێت، کاروبارەکان لەبارەی سیستمەکە چڕبوونەتەوە.

سیستمەکە لە ساڵی 2017 لە ڕووسیا کڕدراوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، کاروبارەکان لەبارەی پرسی سیستمی بەرگریی ئێس400ـی ڕووسی چڕبوونەتەوە، کە لە ساڵی 2017ـەوە لە مۆسکۆیان کڕیوە و تاوەکو ئێستا بەکارنەهێنراوە.

هەواڵی فرۆشتنی سیستمەکە بە وڵاتێکی کەنداو

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێک لە میدیای نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویانکرەوە، سیستمی بەرگریی ئێس400 بە وڵاتێکی کەنداو فرۆشراوە، ئەو وڵاتەش ئیمارات یان قەتەرە.

ئاگادار کردنەوەی ڕای گشتی لە هەر پێشهاتێک

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەو هەواڵانەوە دەڵێت، لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی نوێ لەبارەی سیستمەکە، ڕای گشتیی ئاگادار دەکەنەوە.

ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی بە تورکیا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژانی حەوت و هەشتی تەمموز لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، چەند جارێک باسی لە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی بە تورکیا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە کرد.

مەرجی وەرگرتنی فڕۆکەی ئێف-35 و لابردنی سزاکان

بۆ ئەوەی تورکیا ئەو فڕۆکەیە بەدەستبهێنێت و سزاکانی لەسەر لاببرێت، سەرەتا پێویستە سیستمی بەرگریی ئێس-400ـی ڕووسی بفرۆشێت.

ئەو کاتەی سیستمەکە گەیشتە تورکیا، ئەمریکا بە بڕیارێک تورکیای لە پڕۆژەی کڕینی فڕۆکەی ئێف-35 دەرکرد و ساڵێک دواتریش سزاکانی کاتسای بەسەردا سەپاند، کە ڕێگرە لە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازیی هەستیار بە تورکیا.

مەرجی فرۆشتنی سیستمەکە

یەکێک لە خاڵەکانی گرێبەستی کڕینی سیستمەکە ئەوەیە، تورکیا ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ڕووسیا سیستمەکە بە وڵاتێکی دیکە بفرۆشێت.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا