وەزارەتی دادی عێراق هەوڵی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی زیندانەکان دەدات

ژوان نیزام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی یەکێک لە گرتووخانەکانی عێراق. فۆتۆ: AFP
دیمەنی یەکێک لە گرتووخانەکانی عێراق. فۆتۆ: AFP

وەزارەتی دادی عێراق بە چوار ڕێکار هەوڵی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو زیندانەکان دەدات.

گرتنەبەری چوار ڕێکار بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی

ئەحمەد لوعەیبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق چوار ڕێکارەکەى خستەڕوو کە بریتین لە؛ فراوانکردنی بەشەکانی زیندانەکان، تەواوکردنی دروستکردنی زیندانی نوێ، پۆلێنکردنەوەی بەندکراوان و گواستنەوەیان بۆ نزیکترین زیندان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، خێراکردنی ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی کە بڕیاری دادوەرییان بۆ دەرچووە.

ئاماری ئازادکراوانی زیندانیان لە چاکسازییەکاندا

ئەحمەد لوعەیبی ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا 181 نەوجەوان ئازادکراون لەو ژمارەش 113یان ڕاگیراوبوون، 30 تۆمەتبار پاش تەواوکردنی ماوەی سزاکەیان ئازادکراون، 31 تۆمەتبار بەهۆی باشی ڕەفتار و بەشداریکردنیان لە خولە چاکسازییەکاندا بەشێوەی 'ئازادکردنی مەرجدار' ئازادکراون، جگە لە ئازادکردنی سێ کەس بەگوێرەی یاسای لێبووردنی گشتی.

پۆلێنکردن و جیاکردنەوەی زیندانییەکان بەگوێرەی تاوانەکانیان

گوتیشی "فەرمانگەی چاکسازی 30 بەشی جیاوازی هەیە و لەناو هەموویاندا پۆلێنکردنی ورد بۆ زیندانییەکان پەیڕەو دەکرێت، لەناو هەر بەشێکی چاکسازیدا، هۆڵەکان بەگوێرەی جۆری تاوان پۆلێنکراون، بەشێوەیەک حوکمدراوانی تیرۆر، کێشە تاوانکارییەکان، ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی دیکە لە یەکدی جیاکراونەتەوە".

ژوان نیزام

3 کاتژمێر پێش ئێستا