عەممار حەکیم: پێویستە بەشێوەیەکى واقیعى مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت

ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
سەردانی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بۆ پارێزگای ئەنبار
سەردانی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بۆ پارێزگای ئەنبار

عەممار حەکیم ڕایگەیاند، پێویستە بەشێوەیەکى واقیعى مامەڵە لەگەڵ دۆخى ئێستا بکرێت و دزە گەورەکانیش بە شێوەیەکى ئاشکرا دادگایی بکرێن.

دادگاییکردنی دزەگەورەکان بە ئاشکرایی

عەممار حەکیم سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى، لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگاى ئەنبار، لەگەڵ حکومەتى خۆجێیی و سەرۆکهۆزەکانى پارێزگاکە کۆبووەوە و ڕایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى بەرپرسیارێتییەکى گەورەیە لە ئەستۆى دەوڵەت و دامەزراوەکانى دادوەرى و داواشی لە حکومەت کرد، دزە گەورەکان لە پڕۆسەیەکى ئاشکرادا دادگایی بکرێن، بەبێ ئەوەى خاترى هیچ کەس و لایەنێک بگیرێت.

کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت وەک پێویستییەکی نیشتمانی

عەممار حەکیم باسیلەوەشکردووە، کۆکردنەوەى چەک لەدەستى دەوڵەت پێویستییەکى نیشتمانییە و پێشتریش مەرجەعییەتى باڵاى ئایینی داوایکردووە و دەستوورى عێراقیش ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیارى شەڕ و ئاشتى دەبێت لە دەستى ئەنجوومەنى نوێنەران بێت.

ڕۆڵی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی

عەممار حەکیم ڕاشیگەیاندووە، ڕۆڵى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى لە پارێزگا سوننەنشینەکان و هەرێمى کوردستان ڕۆڵێکى کۆمەڵایەتییە نەک سیاسى.

حەکیم گوتیشى، لە 30ـى ئەیلوول ڕۆڵ و ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى کۆتایی دێت، پێویستە لاپەڕەیەکى نوێ لە نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە بکرێتەوە و پەیوەندییەکان بەگوێرەى بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ڕێکبخرێنەوە.

ئارام قەرەداغی

1 کاتژمێر پێش ئێستا