کۆشکی سپی: ترەمپ بەڕووی دیپلۆماسییەتدا لەگەڵ ئێران کراوەیە
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕووی دیپلۆماسییەتدا لەگەڵ ئێران کراوەیە و سەرەڕای نوێبوونەوەی هێرشەکان، واشنتن هێشتا بەردەوامە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تاران.
ئەمریکا هۆکاری هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران ئاشکرا دەکات
کارۆلاین لیڤیت، گەتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بەهۆی پێشێلکردنی یاداشتنی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بووە لەلایەن ئێرانەوە، گوتیشی، دەسەڵاتدارانی ئێران لەناو خۆیاندا دابەشبوون، بەشێکیان پشتگیری لە گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت دەکەن و بەشەکەی دیکە لە دژین.
ڕێگریکردن لە ئێران لە کردنە ئامانجی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز
ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ ڕێگە بە ئێران نادات کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمز بەئامانج بگرن و بە توندی وەڵامیان دەدەنەوە.
هاوڕایی سەرۆک و جێگرەکەی لە پرسەکانی تایبەت بە ئێران
دەربارەی گومانەکانیش لەسەر جیاوازیی بۆچوونی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆشکی سپی جەختی کردووە، سەرۆک و جێگرەکەی هاوڕان لە پرسەکانی تایبەت بە ئێران.
ئەگەری کرانەوەی دیپلۆماسییەت لەگەڵ ئێران
ئەم گوتانەی کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممەش ئەمریکا بەردەوام بوو لە بۆردوومانەکانی لە باشووری ئێران، بەڵام ڕۆژێک پێشتر، ترەمپ سوپاسی ئێرانی کرد بەرامبەر بە ئازادکردنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2024ـەوە لە ئێران دەستبەسەربوو، ئەم هەنگاوەش وەک ئەگەری کرانەوەیەکی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا تەماشادەکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا