مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی بۆ 45 ڕۆژ دەکەونەوە کار
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و نوێنەرانی مۆلیدە ئەهلییەکاندا بڕیاردرا لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ مۆلیدەکان لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا کار بکەن؛ سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش ئاشکرای دەکات، نرخی 125 کاتژمێر کارکردن بە حەوت هەزار و 500 دینار دیاریکراوە و ئەوان بەو پارەیە ڕازیی نابن.
لەمڕۆوە کار دەکەنەوە
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەگەڵ کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان و ژمارەیەک لە نوێنەرەکانیان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و بڕیاردراوە لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ، هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕا، مۆلیدە ئەهلییەکان کار بکەنەوە.
قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو مۆلیدانەی کە ئامادەکارییان کردووە، دەتوانن لە ئەمڕۆوە لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا مۆلیدەکانیان هەڵبکەنەوە.
نرخى ئەمپێرێک چەندە ؟
لەلایەکی دیکەوە، نەبەز مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، نرخی کارکردنی مۆلیدەکان بۆ 125 کاتژمێر بە حەوت هەزار و 500 دینار دیاریکراوە، بەڵام ئەوان بەو نرخە ڕازیی نابن و ئەو پارەیەى کە دیاریکراوە کەمە.
هاونیشتمانییان پارە نوێ دەبێت بدەن
نەبەز مەجید، ئەوەشی بە کەناڵ8 گووت، ئەو پارەیەی پێشتر لەلایەن هاونیشتمانییانەوە دراوە، تەنانەت ئەگەر مۆلیدەکانیش لەو ماوەیەدا کاریان نەکردبێت، بە کۆتاییهاتوو ئەژمار دەکرێت، و بۆ قۆناغی داهاتوو پارەی نوێ لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت.
مۆلیدەکان جێگرەوەن بۆ کارەباى نیشتمانیی
مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی و جێگرەوە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی سەیر دەکرێت.
کەمبوونەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا
ئەم بڕیارە بۆ کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا هۆشداریی دا لە تێکچوونی دۆخی کارەبای نیشتمانی، کە بەهۆی دروستبوونی گرفتێکی ئەمنییەوە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە. بەو هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی 2500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا