عەلى زەیدى پڕۆژەی نیشتمانیی شاری وزەی لە فاو ڕاگەیاند

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکوەزیرانی عێراق، پلانی پڕۆژەی نیشتمانیی شاری وزەی لە فاو ڕاگەیاند و دەڵێت، پڕۆژەکە بە ئامانجی دروستکردنی بنکەیەکی جیهانیی هاوچەرخە بۆ بەرهەمهێنان، پاڵاوتن و هەناردەکردنی وزە.

پڕۆژەیەکى ستراتیجى لەسەر نیمچە دوورگەى فاو

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە درێژەى سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە شاری هیوستنی ویلایەتی تێکساس لە میانی کۆڕبەندێکی هاوبەشی ئابووریدا پڕۆژەکەى ڕاگەیاند و ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر نیمچە دوورگەی فاو، زنجیرەیەک یەکەی تەکنیکی و ئەندازیاریی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت کە گرنگترینیان کۆمەڵگەی گەورەی پاڵاوتنى نەوتی خاوە.

گوتبشى، لە پڕۆژەکەدا دامەزراوەی مۆدێرن بۆ پڕۆسێسکردن، بەرهەمهێنان و کۆکردنەوەی گازی سروشتی و وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوونى دەبێت.

بەڕێگەى گەشەپێدان دەبەسترێتەوە

بەگوێرەى نەخشەی لۆجیستیی پڕۆژەکە، تەواوی ئەم یەکە بەرهەمهێنەرانە ڕاستەوخۆ بە هێڵە ستراتیجییەکانی گواستنەوەی نەوت و هێڵی هاتوچۆی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە دەبەسترێنەوە، ئەمەش گواستنەوەی خێرا و کارای وزە بەرەو بازاڕە جیهانییەکان دابین دەکات.

گواستنەوەى تەکنەلۆجیا بۆ عێراق

سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا عێراق پێویستی بە گواستنەوەی تەکنۆلۆجیا و دروستکردنی هاوبەشیی ڕاستەقینەی درێژخایەن هەیە نەک تەنیا گرێبەستی کاتیی بەڵێندەرایەتی، بۆیە حکومەت پابەندە بە ڕەخساندنی ژینگەیەکی کارکردنی تەواو ئارام و گونجاو لە ڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستمی دارایی و بانکییەوە.

وەبەرهێنانى کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق

هەر لە کۆڕبەندەکەدا، دەیڤید فیلیپس، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشى عێراقی- ئەمریکى، پاڵپشتیی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی لە ئەمریکا بۆ ئەم پڕۆژانە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە پشکداربوون لە پلانە پیشەسازییەکانی عێراق بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و گاز و پەرەپێدانی ژێرخانی وزە لە کێڵگە نەوتییەکاندا.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا