بە هەشت درۆن هێرشکرایە سەر شارى هەولێر

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
تێکشکاندنى درۆنێک لە ئاسمانى هەولێر
وێنە ئەرشیف
تێکشکاندنى درۆنێک لە ئاسمانى هەولێر وێنە ئەرشیف

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى بە هەشت درۆن هێرشکرایە سەر شارى هەولێر و لەلایەن سیستمى بەرگرى هێزەکانى هاوپەیمانان هێرشەکە تێکشکێنرا.

کاتژمێر 4:19ـى بەیانى هێرشەکە کراوە

لە ڕاگەیێندراوێکى دژەتیرۆر لە هەولێر هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەممووزی 2026، لە کاتژمێر 4:19 خوولەک تاوەکو 5:25 خوولەک هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە، کەوتنەخوارەوەى درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

هێرش بۆسەر زڕگوێزى سلێمانى

لە هەمان کات لە سلێمانیش هێرشکرایە سەر گوندى زڕگوێز کە پێشتر بارەگاکانى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێرانى لێبوو، بەگوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکان لەو هێرشەدا شەهید و بریندار هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان پشتراستیان نەکردووەتەوە.

هێرشەکانى 15ـى ئەم مانگە

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە شەوى 15ى ئەم مانگە بە هەشت درۆنى دیکە هێرشکرایە سەر هێزەکانى هاوپەیمانان.

پەیامى عەلى زەیدى لە ئەمریکاوە

ئەم هێرشانە کاردانەى جیاوازیان درووستکرد و لەوبارەیەوە عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، بەتوندى سەرکۆنەى ئەو دەستدرێژییە دەکەن کە لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە ئاسمانى شارى هەولێر لە هەرێمى کوردستان بەزێندراوە.

هەروەها لە پەیامەکەى کە بەزمانى کوردى بڵاوى کردووەتەوە دەڵێت، چاوپۆشی لەم هەوڵە تاوانکاریانە ناکەن و دەزگا ئەمنییەکان و پەیوەندیدارەکانى ڕاسپاردووە کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا