پاسدارانی ئێران: هێرشمان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و دەشڵێت، هێرشەکان چەند ئامانجێکی ئەمریکای پێکاوە.

وەڵامى هێرشەکانى ئەمریکا

لە ڕاگەیێندراوێکدا سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکان لە ناو خاکی وڵاتەکەیان هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کوەیت و عوممان و سووریا".

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران "هێرشەکانیان بۆ سەر سەکۆ و کۆگاکانی مووشەک، بنکەی سەربازی و ناوەندەکانی فەرماندەی ئەمریکا بووە".

هێرش بۆسەر تەنەفى سووریا

هەر لە ڕاگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران هاتووە، هێرشمان کردە سەر ناوەندی ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ناوچەی تەنەفی سووریا و پاسداران دەشڵێت، هێرشەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو دەستدرێژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کۆتایی دێت.

ئێران کۆنتڕۆڵى گەرووى هوورمزى کردووە

پاسدارانی ئێران نایشارێتەوە هێزەکانیان کۆنتڕۆڵی گەرووی هوورمزیان کردووە، دەشڵێت، تاوەکو هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت، ڕێگە بە تێپەڕبوون و هەناردەی یەک دڵۆپە نەوت و گاز لە ناوچەکە نادەن.

هێرشەکان بۆسەر قەتەڕ و وڵاتانى ناوچەکە

سوپای پاسدارانی ئێران بێ ئەوەی ئاماژە بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتانی دیکە بکات، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی قەتەڕ لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایانگەیاند، "لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرش کراوەتە سەریان و بەو هۆیەوە منداڵیک برینداربووە".

لە کاتێکدایە لە ماوەی حەوت ڕۆژی گرژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئێران دا پاسدارانی ئێران چەندین جار لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی بەحرەین، کوەیت، ئوردن و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا