دیدار و کۆبوونەوەکانى عەلى زەیدى لە ئەمریکا بەردەوامن

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیل
کۆبوونەوەى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیل

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە شارى هیوستنى ئەمریکا، لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیا گەورەکانى وزە کۆبووەوە و دواتریش سەردانى بارەگاى کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیلى کرد، لە هەردوو دوو دیدارەکەدا فراوانکردنى هەماهەنگییەکانى وەبەرهێنان لە بوارى وزەدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

سەردانى شارى هیوستن

عەلى زەیدى و شاندى یاوەرى، ڕۆژى پێشنجشەممە لە واشنتنەوە گەیشتنە شارى هیوستنى سەر بە ویلایەتى تەکساس.

کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا

زەیدى دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى هەردوو کۆمپانیاى (شیفرۆن و  کەى، بى، ئاڕ)، لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیاکانى (هالیبرتۆن، وۆزەرفۆڕد، شێل، هانیویل، بیکەر هیوز)، کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەى دەرفەتەکانى هەماهەنگی لە بوارەکانى پەرەپێدانى کەرتى نەوت و وزە، سوودوەرگرتن لە پسپۆڕى و تەکنیکى نوێى کۆمپانیاکان.

بونیادنانى هاوبەشیی ستراتیجى

سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە لە گرنگى بونیادنانى هاوبەشیی ستراتیجى درێژخایەن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە پێشەنگەکانى بوارى وزە.

ڕەخساندنى کەشى لەبار بۆ کۆمپانیاکان

زەیدى بە نوێنەرانى کۆمپانیاکانیشى ڕاگەیاند، حکومەتى عێراق لە هەوڵدایە بۆ رەخساندنى ژینگەیەکى لەبارى وەبەرهێنان و ئامادەیە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکات بۆ گرەنتى سەرکەوتنى کارى کۆمپانیاکان و جێبەجێکردنى پڕۆژەکانیان لە عێراق.

وەڵامى کۆمپانیاکان بۆ زەیدى

لە بەرامبەردا نوێنەرانى کۆمپانیا گەورەکانى وزەى ئەمریکا، گرنگیپێدانى خۆیان بۆ فراوانکردنى کارەکانیان لە عێراق خستەڕوو، ئامادەییشیان دەربڕى پڕۆژەى گەورە لە بوارى وزەدا جێبەجێبکەن.

کۆبوونەوە لەگەڵ ئیکسۆن مۆبیل

سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە سەردانێکیشدا بۆ کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیل، لەگەڵ (دارین ودز) بەڕێوەبەرى جێبەجێکار و ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاکە کۆبووەوە.

پشتکردنە گازى سرووشتى هاوردەکراو

زەیدى گوتى، عێراق دەیەوێت کۆتایی بە هاوردەکردنى گازى سرووشتى بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا بهێنێت و سوود لە گازى هاوەڵ وەربگرێت و کۆتایی بە سوتاندنى گازەکە و پیسکردنى ژینگە بهێنێت.

زەیدى ڕاشیگەیاند، بەهۆى ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵدەدەن سەرچاوەکانى داهات زیاد بکەن و بەهەماهەنگى لەگەڵ ئیکسۆن مۆبیل یەکەى نوێى پاڵاوتن بە تەکنیکى پێشکەوتوو دروستبکەن.

ئیکسۆن مۆبیل: عێراق گەورەترین گۆڕەپانى وەبەرهێنانە

لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى ئیکسۆن مۆبیل، عێراقى وەک یەکێک لە گەورەترین گۆڕەپانەکانى وەبەرهێنان ناوبرد و جەختیکردەوە لە خواستى کۆمپانیاکەى بۆ پتەوکردنى هەماهەنگییەکانى لەگەڵ عێراق.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا