دۆسیەی گەندەڵیی ڕێکخراوە خێرخوازییەکەی تورکیا فراوان دەبێت
لێکۆڵینەکان لە دۆسیەی "گەندەڵی" ڕێکخراوی خێرخوزایی ئەحباب بەردەوامە، ژمارەی بەندکراوانی دۆسیەکە بەرزبووەوە و نۆ کەسی دیکەش دەستگیرکران، کە یەکێکیان میدیاکارێکی بەناوبانگی تورکیایە.
ڕێکخراوى ئەحباب پێچەوانەى یاسا کاریکردووە
لێکۆڵینەوەکانی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ لەبارەی ڕێکخراوەکە فراوانتر دەبن، کە تێیدا بەرپرسان و بەشێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە تۆمەتبارن بەوەی، پێچەوانەی یاسای ڕێکخراوەکان کاریان کردووە، ئەو پارەیەی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان کۆکراوەتەوە، خراوەتە سەر هەژماری کەسی و لە گرەوی نایاساییدا بەکارهێنراوە. ئەوە جگە لەوەی هەوڵی سپیکردنەوەی پارەیان داوە و ئەو پڕۆژانەیان تەواو نەکردووە، کە بەڵێنیان دابوو بە پارەی خۆبەخشان، بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان دروستی بکەن.
دەیان ملیۆن دۆلار دیار نەماوە
ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو، بەهۆی گومانی گەندەڵی و دیارنەمانی دەیان ملیۆن دۆلار لە هاوکارییەکانی تایبەت بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان، هالوک لەڤەنت، هونەرمەندی ناوداری تورکیا و 19 کەسی دیکەی ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە دەستگیرکران.
هالوک لەڤەنت
لەڤەنت، هونەرمەندێکی دیاری تورکیایە و ساڵی 2017 ڕێکخراوی "ئەحباب"ـی بۆ کۆکردنەوەی پارە و هاوکاری بۆ نەخۆش و ئەو کەسانە دروست کرد، کە پێویستیان بە هاوکاری و دەستگیرۆیی هەیە.
نۆ کەسی دیکە لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکران
لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان نۆ کەسی دیکە دەستگیرکران کە ئۆغوزهان ئۆغور، میدیاکاری بەناوبانگی تورکیایە.
ژمارەی بەندکراوان گەیشتە 18 کەس
تاوەکو ئێستا 18 لەو کەسانەی دەستگیرکراون، بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرکراوە و خراونەتە زیندان.
لەڤەنت و ڕێکخراوەکەی، تەنیا بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی 6ـی شوباتی 2023ـى باکووری کوردستان و تورکیا، 158 ملیۆن دۆلاری کۆکردبووەوە.
تۆمەتباربوونى لەڤەنت
لە دۆسیەکەدا هاتووە، لەڤەنت تۆمەتبارە بەوەی هەژماری ژمارەیەک کەسی بەکارهێناوە و 120 ملیۆن لیرەی کۆکراوەی بۆ ئەو هەژمارانە گواستووەتەوە. ئەوە جگە لەوەی بە بەهای 990 ملیۆن لیرە گرەوی نایاسایی کردووە و لەو گرەوانەدا 390 ملیۆن لیرەی دۆڕاندووە.
لێکۆڵەرانی دۆسیەکە، لەڤەنت و ڕێکخراوەکەیان بەوە تۆمەتبار کردووە، بڕێکی زۆر پارە لەنێوان هەژمارەکانیاندا جوڵەی پێکراوە و پێویستە وردەکاریی ئەو پارانە و هۆکاری گواستنەوەیان ئاشکرا بکرێت.
لەڤەنت سەرجەم تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، "دەستم بەر یەک لیرەی کۆکراوە نەکەوتووە" و ئاماژە بەوەش دەکات، بەمزوانە بابەتی زۆر ئاشکرا دەکات، کە هەمووان سەرسام دەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا