میدیای ئێران: لە هێرشەکانی شەوی ڕابردوو 8 کەس کوژرا و 20 کەس برینداربوون

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بۆردومانى فڕۆکەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لە تارانى پایتەختى ئێران
وێنە: ئەرشیف
بۆردومانى فڕۆکەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لە تارانى پایتەختى ئێران وێنە: ئەرشیف

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی 38 کەس کوژران و میدیای فەرمی ئێرانیش دەڵێت، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوو بەهۆی هێرشەکانەوە هەشت کەس کوژراون".

ئامارى قوربانییەکان

حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، "لە دەستپێکی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ 17ـی تەممووز 38 کەس کوژراون، کە لە ناویاندا سێ ژن هەیە".

کرمانپوور دەشڵێت، هەر بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 400 کەس بریندار بوون کە لە ناویاندا 22 ژن هەیە و 9 لە بریندارەکانیش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.

کوژراوەکان خوار تەمەنى 18 ساڵى تێدایە

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە کوژراوەکان تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوەیەوە گوتیشی، لەو 400 بریندارە 47یان لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون.

لە هێرشەکانى شەوى ڕابردوو چەند کەس کوژران؟

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای نزیک لە حکومەتی وڵاتەکە، تەنیا لە هێرشەکانی شەوی ڕابردوودا، هەشت کەس کوژراون و 20 کەسی دیکە برینداربوون.

هێرشەکان کوێى گرتەوە؟

ئاژانسەکە دەشڵێت، هێرشەکان بۆ سەر پارێزگاکانی هورمزگان، بوشەهر، سیستان و بەلوچستان و خوزستان بووە.

گرژییە سەربازییەکانى ئێران و ئەمریکا

ئەوە لە کاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەکە گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەهۆی ناکۆکییان لەسەر ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز دەستیپێکردووە، لە کاتێکدا بە گوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران کە لە 17ی مانگی ڕابردوو بە فەرمی واژۆکرا، پێویست بوو جووڵەی دەریایی لە گەرووی هوورمز ئاسایی ببێتەوە و کەشتییەکان بەبێ ترس بەو ڕێڕەوەدا هاتووچۆ بکەن بەڵام بەهۆی پێداگیریی ئێران لەسەر ئیدارەدانی گەرووەکە و ڕەتکردنەوەی لەلایەن ئەمریکاوە جارێکی دیکە لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەوە پریشکی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵگیرسایەوە.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا