رۆژنامەی حوڕییەت: ناکۆکییەکان لە بارەی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی بەردەوامە

عەدنان ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەبدولقادر سەلڤی، نووسەری دیاری ڕۆژنامەی حوڕییەتى تورکی
عەبدولقادر سەلڤی، نووسەری دیاری ڕۆژنامەی حوڕییەتى تورکی

میدیای نزیک لە حکومەتی تورکیا دەڵێت، ئەگەر ناکۆکییەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی چارەسەر بکرێت، لە دوو هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەیاسا پەسەند دەکرێت، دەشڵێن ئەگەر ناکۆکییەکانیش بەردەوامبن، دەرکردنی یاساکە دەکەوێتە کۆتایی ئەمساڵ.

میدیاى تورکیا و بۆچوونیان لەسەر پڕۆسەى ئاشتى

عەبدولقادر سەلڤی، نووسەری دیاری ڕۆژنامەی حوڕییەتى تورکی، دوواین زانیاری لە بارەی ئەو پڕۆژەیاسایە بڵاوکردووەتەوە، کە زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا دەکات.

ناکۆکییەکانى نێوان دەم پارتى و ئاکپارتى

وەک لە نووسینەکەی سەلڤیدا هاتووە، دوو ناکۆکیی گەورە لە نێوان ئاکپارتی و پارتی دەمدا هەیە؛ پارتی دەم دەڵێت، نابێت ئەندامانی پەکەکە بۆ تاوانبار و بێتاوان دابەشبکرێن و ئاکپارتی ئەو داواکارییە ڕەتدەکاتەوە. هاوکات پارتی دەم داوا دەکات، لە یاساکەدا ڕێگە بە سەرکردەکانی پەکەکەش بدرێت بگەڕێنەوە بۆ تورکیا کە بە زیاتر لە 30 کەس ناو دەبرێن، بەڵام ئاکپارتی ئەوەش ڕەتدەکاتەوە.

کەى پڕۆژەیاساکە دەبرێتە پەرلەمان؟

سەلڤی دەڵێت، ئەگەر ناکۆکییەکانی ئاکپارتی و پارتی دەم لەبارەی پڕۆژەیاساکە چارەسەر بکرێن، لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو دەبرێتە پەرلەمان و دەکرێتە یاسا. ئەگەریش ناکۆکییەکان بەردەوام بن، دەرکردنی یاساکە دەکەوێتە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.

بەگوێرەی نووسینەکە خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەیاساکە بەم جۆرەیە؛

یاسایەکی کاتی دەبێت.

سەرکردە باڵاکانی پەکەکە ناگرێتەوە.

لەسەر بنەمای تاوانبار و بێتاوان پۆلێنبەندی بۆ ئەندامانی پەکەکە دەکرێت.

بە گوێرەی بنەمای پەشیمانبوونەوە، مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی پەکەکە دەکرێت.

ئەگەر پەسەند بکرێت؟

ئەگەر پڕۆژەیاساکە بەو جۆرە پەسەند بکرێت، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە بەشدارییان لە چالاکیدا نەکردووە، ئەوا گوماندەکرێت 70%ـیان سێ تاوەکو پێنج ساڵ لەژێر چاودێریدابن.

عەدنان ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا