زانیاریی لەسەر هێرشە مووشەکییەکانى ئەمڕۆى هەولێر و سلێمانى؛ دەزگاى ئاسایش: حەوت مووشەک ئاڕاستەى سلێمانى کران
بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى بە مووشەک و درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر و سلێمانى، هێرشە درۆنییەکەى سەر هەولێر لەلایەن سیستمى بەرگرییەوە بەرپەرچدرایەوە، بەڵام هێرشە مووشەکییەى سەر سلێمانى ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە.
هێرشەکەى سلێمانى کاتژمێر 6:20 خولەک
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان بڵاویکردەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ کاتژمێر شەش و 20 خولەک، بە حەوت مووشەک هێرشکراوەتە سەر چەند ناوچەیەکى سلێمانى.
مووشەکەکان کوێ و کوێى کردووەتە ئامانج
ئاماژەى بەوەشکردووە، چوار لە مووشەکەکان گوندى زڕگوێزەڵە، مووشەکێک گوندى قسرد و دوو مووشەکیش نزیک گوندى کوپانى قەرەداغیان کردووەتە ئامانج.
قوربانى لە ڕیزەکانى کۆمەڵە
هاوکات کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران ڕایگەیاندووە، لە هێرشە مووشەکییەکەدا نۆ ئەندامیان شەهیدبوون و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.
هێرشەکانى هەولێر
لە بەردەوامیى هێرشە درۆنییەکانیش بۆ سەر هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 4:19 خولەک تاوەکو 5:25 خولەک، هەشت درۆن ئاڕاستەى هەولێر کران.
دژەتیرۆر لە هەولێر ڕایگەیاندووە، هێزەکانى هاوپەیمانان درۆنەکانیان تێکشکاندووە و هیچ زیانێکى گیانییان نەبووە.
لە ماوەى دوو ڕۆژ سێ هێرش
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، شەوى 15ـى ئەم مانگە بە هەشت درۆنى دیکە هێرشکرایە سەر هێزەکانى هاوپەیمانان.
ئەم هێرشانە کاردانەى جیاوازیان دروستکرد و لەوبارەیەوە عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، بەتوندى سەرکۆنەى ئەو دەستدرێژییە دەکەن کە لەڕێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە ئاسمانى شارى هەولێر لە هەرێمى کوردستان بەزێندراوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا