ڕاگەیێندراوی وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لەبارەی غاز و کارەبا
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا ڕایانگەیاند، تیمێکی تایبەت ڕاسپێردراوە بۆ دۆخی کارەبا و ڕەزامەندیی حکومەتی فیدراڵ وەرگیراوە بۆ دابینکردنی غازی شل بۆ ماڵان و قەیرانی غاز دروست نابێت.
بڕى بەرهەمهێنانى کارەبا 2500 مێگاوات کەمیکردووە
وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان و کارەبا، لە ڕاگەیێندراوێکى هاوبەشدا، ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەكانەوە كۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر وەستاند، هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راوەستا و بڕی 2500 مێگاوات كارەبا كەمبووەوە.
تیمێکى هاوبەش پێکهێنراوە
ڕاگەیێندراوەکە، ئاماژەى بەوەشکردووە، بۆ دابەشكردنی ئەو بڕە كارەبایەی كە لە وێستگە جۆراوجۆرەكانی كارەبا بەرهەمدێت، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتیان راسپاردووە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەو بڕە كارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش بكرێت.
چاودێرى دۆخەکە دەکرێت بۆ دابینکردنى غازى شل
ئەوەشى خستووەتەڕوو، تیمێكی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم بەردەوام چاودێریی دۆخەكە و ڕێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دەكات. بۆ دابینکردنی گازی شل و پڕكردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان.
حکومەتى فیدڕاڵى غازى ماڵان دابیندەکات
ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکە جەختیکردووەتەوە، وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی وەرگیراوە بۆ دابینکردن پێداویستیی ڕۆژانەی غازی ماڵان، هەر ئەمڕۆ چەندین تەنكەری غاز ڕەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەکرێت.
قەیرانى غاز ڕوودەدات ؟
وەزارەتى کارەبا و سامانە سرووشتییەکان، لە ڕاگەیێندراوەکەیاندا، هاونیشتمانییان دڵنیا دەكەنەوە قەیرانی غازی ماڵان ڕوونادات و كار دەكرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر بە زووترین كات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا