میزۆپۆتامیا: شاندی ئیمراڵی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئۆجەلان دەکات

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شاندى ئیمراڵى
شاندى ئیمراڵى

لەگەڵ بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتی و گفتوگۆکان لە بارەی یاسای پڕۆسەکە، میدیای نزیک لە پارتی دەم دەڵێت، پاش دوو مانگ لە چاوەڕوانی، هەفتەی داهاتوو شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەکات.

سەردانى دوورگەى ئیمراڵى

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، پێنجشەممەی داهاتوو، 23ـی تەمووز، شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە.

دوایین بۆچوونى ئۆجەلان وەردەگیرێت

پێشتر میدیای تورکیا ڕایگەیاند، شاندەکە دوایین ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەکە دەبەنە ئیمراڵی، کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە و دوایین بۆچوونی ئۆجەلانی لەبارەوە وەردەگرن.

پڕۆژەیاساکە ڕادەست نەکراوە

بە گوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا ئەو پڕۆژەیاسایە ڕادەستی پارتی دەم و شاندی ئیمراڵی نەکراوە.

شاندەکە پێش سەردانەکە کۆبوونەوە ئەنجامدەدات

شاندی ئیمراڵی، کۆتایی هەفتە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و عەبدوڵا گویلەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆبووەوە. چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە پێش سەردانەکەی بۆ ئیمراڵی یان پاش سەردانەکە، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا کۆببێتەوە.

کەى پڕۆژەیاساکە دەبرێتە پەرلەمان؟

میدیای تورکیا، دەڵێت، لەگەڵ ڕێککەوتنی شاندی ئیمراڵی و ئاکپارتی لەسەر ڕەشنوسی پڕۆژەیاساکە، کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو، پڕۆژەیاساکە دەبرێتە پەرلەمان و پەسەند دەکرێت.

کەى دوایین سەردان کراوە؟

شاندی ئیمراڵی دوواین جار 56 ڕۆژ پێش ئێستا و لە 24ـی ئایار سەردانی ئۆجەلانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، ئۆجەلان جەختی لە چارەسەری پرسی کورد و گرنگیی دەرکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە کردەوە.

پێکهێنانى شاندى ئیمراڵى

پاش دوو مانگ لە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی، شاندی ئیمراڵی پێکهێنرا و بۆ یەکەم جار لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.

لەو دیدارەدا ئۆجەلان گوتی، "خاوەن توانای تیۆری و پراکتیکیم، بۆ گواستنەوەی ئەم دۆخە لە زەمینەی شەڕ و توندوتیژییەوە، بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی".

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا