لە سلێمانى چەند وێستگەیەک لەسەر گرانکردنى غاز سزادران
سەرۆکى لیژنەى دابەشکردنى غاز لە سلێمانى ڕایگەیاند، غازى پێویست کۆگاکراوە، بەهۆى ئەوەى وەرزى هاوینە خواست لەسەر غاز کەمیکردووە، بۆیە دڵنیایی دەدەن کەمبوونەوەى غازى ماڵان ڕوونادات.
سەردانى وێستگەکان و سزاى سەرپێچیکاران
عومەر عەبدوڵا، سەرۆکى لیژنەى دابەشکردنى غاز لە سلێمانى، دەڵێت "ئێوارەى دوێنی لەگەڵ هەواڵى کەمبوونەوەى غازى ماڵان ژمارەیەک لە وێستگەکان غازیان گرانکردووە یان دایانخستووە و بە هاونیشتمانیانیان گوتووە نایفرۆشن بۆیە زۆرینەى وێستگەکانیان بەسەرکردووەتەوە هەر وێستگەیەک گرانفرۆشى کردبێت یاخود غازى هەبێت و دابەشى نەکردبێت سزایان داوە.
هۆشدارى بە غازفرۆشان دراوە
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینى، لە هەولێر و سلێمانى غاز فرۆشەکان ئاگادار کرانەوە نرخ زیاد نەکەن و داوا لە کارگەکانى غازیش کرا غاز تەنیا بەو بریکارانە بدرێت کە حکومین و بە نرخى پاڵپشتیکراو غاز دەفرۆشن.
داواى لە حکومەتى فیدڕاڵى کراوە بۆ دابینکردنى غازى شل
هەر ئەمڕۆ هەینى، وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا ڕایانگەیاند، تیمێکی تایبەت ڕاسپێردراوە بۆ دۆخی کارەبا و ڕەزامەندیی حکومەتی فیدراڵ وەرگیراوە بۆ دابینکردنی غازی شل بۆ ماڵان و قەیرانی غاز دروست نابێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا