کۆمپانیاى کۆنۆکۆ فیلیپس 42%ى کۆمپانیاى بى پى لە کەرکووک دەکڕێتەوە
کۆمپانیای کۆنۆکۆ فلیپس لەبارەی کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای بی پی ڕایگەیاندووە، 42%ـی پشکەکانی کۆمپانیای بی پی بەریتانی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەکڕێتەوە، چاوەڕێش دەکرێت هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا، ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
پەرەپێدانەوەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک
کۆمپانیای کۆنۆکۆ فلیپسی ئەمریکی لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای بی پی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ کۆمپانیای بی پی گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەسەر کڕینەوەی 42%ـی پشکەکانی کۆمپانیای بی پی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەوەش دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ پڕۆسەکانی دووبارە پەرەپێدانەوە لە چوار کێڵگە نەوتییەکەی کەرکووک کە ئێستا لە بەرهەمهێناندان، چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنەکە لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن واژۆ بکرێت.
ئامانجەکانی کۆنۆکۆ فلیپس لە وەبەرهێنان لە کەرکووک
ڕایان لانس، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای کۆنۆکۆ فلیپس لەبارەی گونجانی پڕۆژەکە لەگەڵ کارەکانیان گوتی، ئەم دەرفەتە ناوازەیەی دووبارە پەرەپێدان لەگەڵ چوارچێوەی کارەکانی وەبەرهێنانیان دەگونجێت، چونکە ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات بگەنە پێگەی سەرچاوە گرنگ و کوالێتی بەرز و بەرهەمهێنانە دوورمەوداکان، کە بە ئاسانی پێوەرەکانیان لە پەیوەست بە تێچووی دابینکردن دەستەبەر دەکات.
پەرۆشیی ئەمریکا بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە کەرتی وزەدا
ناوبراو لەبارەی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ بەغدا و کۆمپانیای بی پی ڕایگەیاندووە، بەپەرۆشن کار لەگەڵ کۆمپانیای بی پی و حکوومەتی عێراق بکەن بۆ پاڵپشتی لە پڕۆسەکانی دووبارە پەرەپێدانی ئەو کێڵگانەی گرنگییەکی مێژوویی و ژیارییان لە بەرهەمهێنانی وزەدا هەیە لە ناوچەکەدا.
توانای بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک
کۆمپانیای بی پی گرێبەستی پەرەپێدان و بەرهەمی هەیە لە هەردوو کێڵگەی باباگوڕگوڕ و ئاڤانە، کە دوو کێڵگەن خاوەن بەرهەمێکی زۆرن و لەپاڵ سێ کێڵگەی دیکە کە بریتین لە بای حەسەن، جەمبوور، خەبازە؛ گرێبەستەکەش دەرهێنانی 3 ملیار بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا