کرێملن وەڵامی تۆمەتەکانی ترەمپ دەداتەوە؛ "دەستوەردانمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا نەکردووە"

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن

دوای ئەوەی ترەمپ چین و ڕووسیای بە ئەنجامدانی گەورەترین پێشێلکاریی مێژوویی و هاککردنی داتای 20 ملیۆن دەنگدەر تۆمەتبار کرد. گوتەبێژی کۆشکی کرێملن بە تووندی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی دەستوەردانی مۆسکۆ لە هەڵبژاردنەکان ڕەت کردەوە.

هەڵوێستی فەرمیی کرێملن بەرامبەر واشنتن

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن وەڵامی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە، دەربارەی دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا و جەختی کردەوە کە ئەوان هیچ کاتێک دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا نەکردووە.

ڕەتکردنەوەی فەرمیی تۆمەتەکان لەلایەن مۆسکۆوە

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن لەبارەی تۆمەتەکانی دەستوەردانەوە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ بە تووندی هەموو ئەو تۆمەتانەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ڕەت دەکاتەوە.

هۆکاری لێدوانەکەی پێسکۆڤ

گوتەکانی پێسکۆڤ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چین و ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی گەورەترین پێشێلکاریی مێژوویی بۆ دەستوەردان لە داتای تایبەت بە هەڵبژاردن، گوتیشی، ئەو بەڵگەنامانە "لاوازیی شۆککەر" لە سیستمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکەن.

هۆشدارییەکانی ترەمپ لەبارەی توانای هاککردنی سیستمی هەڵبژاردن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە چین و وڵاتانی دژبەریان هەوڵی دەستکاریکردنی سیستمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان داوە، گوتیشی هەواڵگریی وڵاتەکەیان پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕووسیا بە هاوکاریی چین توانای هاککردنی داتای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان هەیە.

ئامارەکانی دزەپێکردنی داتا و تۆمەتەکانی پێشووی دیموکراتەکان

بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، چین توانیویەتی لە کاتی هەڵبژاردنی 2020، دەستی بگات بە داتای 20 ملیۆن دەنگدەر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دیموکراتەکان ترەمپیان تۆمەتبار دەکرد بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕووسیا، بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و کۆنگرێسی ئەمریکا.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا