ڕێکخراوى CPTى ئەمریکی: ژمارەى قوربانییانى هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستان گەیشتە 144کەس

جەبار حسین 4 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕێکخراوی سی پی تی دەڵێت، قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتە 144 کەس
ڕێکخراوی سی پی تی دەڵێت، قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتە 144 کەس

ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی نوێترین ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان، تاوەکو ئێستا 144 کەس بوونەتە قوربانی و تەنیا لە هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر سلێمانیش 9 پێشمەرگە شەهید بوون.

ئامارێکی نوێ لەبارەی قوربانییانی هێرشەکانی ئێران

کامەران عوسمان، ڕێکخەری هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی لەبارەی ئاماری گشتیی قوربانییان ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتە 144 کەس.

وردەکاریی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ناوچەی زرگوێزەڵە

ناوبراو لەبارەی وردەکاریی هێرشەکەی سەر کامپی زرگوێزەڵە ئاماژەی بەوە کرد، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران بە 6 مووشەک هێرشی کردە سەر کامپی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زرگوێزەڵە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، 9 ئەندامی ئەو حیزبە شەهید بوون و 2ی دیکەش بریندار بوون.

مێژووی پەیوەستبوونی قوربانییان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە

ڕێکخەری هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوی CPT لەبارەی کاتی پەیوەستبوونی شەهیدەکان بە ڕیزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، تەواوی پێشمەرگە شەهیدەکانی ئەو ڕووداوە، لە ساڵی 2026دا پەیوەست بوون بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان و بوون بە پێشمەرگە.

کۆی گشتیی زیانە گیانییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران

بەگوێرەی ڕێکخەری هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و 114 کەسی دیکەش بریندار بوون.

جەبار حسین

4 کاتژمێر پێش ئێستا