سوپای پاسداران: لە کاتژمێری سفر نزیک دەبینەوە بۆ بەئامانجگرتنی سوپای ئەمریکا
سوپای پاسدارانی ئێران نزیکبوونەوە لە "کاتژمێری سفر" بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە گەرووی هوورمز ڕادەگەیەنێت؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هێرش کرایە سەر چەندین وێستگە و هێڵی شەمەندەفەر لە باشووری ئێران و سوپای پاسدارانیش خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکیی لە پارێزگای خوزستان ڕاگەیاند.
چاودێریکردنی جموجوڵەکانی سوپای ئەمریکا
سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی ئامادەکارییەکانیانەوە ڕایگەیاند، بە وردیی چاودێریی جموجوڵی سوپای ئەمریکا و ئامادەکارییەکانیان دەکەن و لە کاتژمێری سفر نزیک دەبنەوە بۆ بەئامانجگرتنیان.
خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی لە خوزستان
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە ئاماژەیان بەوە کرد، ئێستا لە کاتژمێری سفر نزیک دەبنەوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە گەرووی هوورمز و ناوچەکە، کەمێک دواتر خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکیی جۆری 'RQ-11 Raven'یان لە ناوچەی ڕەمشیری پارێزگای خوزستان، لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕاگەیاند.
بەئامانجگرتنی ژێرخانە جیاوازەکانی ئێران
ئەم هەڕەشانەی سوپای پاسدارانی ئێران دوای ئەوە هات، کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بەئامانجگرتنی چەندین پرد، وێستگەی کارەبا و هێڵی شەمەندەفەریان لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند.
زیانەکانی هێرشکردنە سەر هێڵی شەمەندەفەری بەندەر عەباس
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکان هێڵی شەمەندەفەری بەندەر عەباس بووە و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی بریندار بوون، ئەم هێڵە ئاسنینە 10 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەندەر عەباسەوە دوورە، کە بەندەری ڕەجایی و وێستگەی شەمەندەفەری بەندەر عەباس بەیەکەوە دەبەستێت.
تەقینەوەکانی دوورگەی قشم و قوربانییانی پردەکان
بەرپرسانی ئێرانی لەبارەی دەنگی تەقینەوەکان و زیانە گیانییەکانەوە ئاماژەیان بەوەش کرد، بەدرێژایی کەناراوەکانی باشووری دوورگەی قشم دەنگی چوار تەقینەوە بیستراوە، دوو پردی نزیک گوندی کاهورستان و ڕووباری شوور، لە پارێزگای هورمزگان کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلێک گیانی لەدەستداوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا