ئەنجوومەنی نوێنەران کارنامەی هەفتەی داهاتووی بڵاوکردەوە؛ پرسی بنبڕکردنی گەندەڵی دەخرێتە بەرباس

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ هەفتەیەکی چڕ لە دانیشتنەکان دەکات، کە تێیدا زنجیرەیەک هەموارکردنەوەی یاسایی و گفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتەکانی چاودێریی دارایی ئەنجام دەدرێت.

دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە؛ هەموارکردنەوەی یاساکان

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوودا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پێشنیازە یاسایەک دەکرێت. گرنگترینیان هەموارکردنەوەی یاسای میلاک، یاسای یەکێتیی پارێزەران، یاسای سەندیکای کیمیازانان و یاسای دیوانی وەقفی سووننییە.

دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە؛ دۆسیەی گەندەڵی و چاودێریی دارایی

بۆ ڕۆژی سێشەممە، پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بە پرسی گەندەڵی ئەنجام دەدات. لەم دانیشتنەدا و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، گفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتی ساڵی 2025ی دیوانەکە دەکرێت. ئامانجی سەرەکی، دۆزینەوەی ڕێگەی نوێیە بۆ هاوکاریکردن لە بنبڕکردنی گەندەڵی و پاراستنی دارایی گشتی.

دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممە؛ یاسا کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتییەکان

کارنامەی ڕۆژی پێنجشەممە تایبەت کراوە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پێشنیازە یاسای گرنگ، کە بریتین لە: یاسای ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، یاسای سندووقی قەرزی کشتوکاڵی و یاسای دادنووسەکان. ئەم یاسایانە ڕەهەندی مرۆیی و ئابوورییان هەیە و کاریگەرییان لەسەر کایە جیاوازەکان دەبێت.

کاتی دەستپێکردنی دانیشتنەکان

بەپێی ڕاگەیێنراوەکەی فەرمانگەی ڕاگەیاندن، سەرجەم دانیشتنەکانی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کاتژمێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکەن، داواش لە پەرلەمانتاران کراوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان و تێپەڕاندنی یاساکان ئامادە بن.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا