نەوەی نوێ پەنا دەباتە بەر بەغداد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە گەورەکانی حکومەتی هەرێم
جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەوڵێکی یاسایی لە بەغداد دەستپێدەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەرعییەتی بڕیارەکانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێت و هەموو ئەو بارگرانییە داراییانەی خراونەتە سەر هاووڵاتییان پوچەڵ بکرێنەوە.
تەواوبوونی تەمەنی یاسایی حکومەت
جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە داواکارییەکەیدا بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 10-07-2019 لە پەرلەمان متمانەی پێدراوە. بەوپێیەش، لە ڕۆژی 10-07-2023ـەوە ماوەی یاسایی و دەستووریی ئەم کابینەیە بە تەواوەتی کۆتایی هاتووە و چیتر وەک حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواو ناتوانێت کار بکات.
داواکاری بۆ ناساندنی وەک کاربەڕێکەر
نەوەی نوێ داوا لە دادگای فیدراڵی دەکات کە لە ڕۆژی 10-07-2023ـەوە کابینەی نۆ وەک "حکومەتی کاربەڕێکەر" بناسێنێت. بەپێی بڕیارەکانی پێشتری دادگای فیدراڵی، حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ستراتیژیی نییە و تەنیا دەتوانێت کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتییان ڕایی بکات، بۆیە هەر هەنگاوێکی سیاسی و ئابووریی گەورە لەو بەروارە بەدواوە بە نایاسایی ئەژمار دەکرێت.
پوچەڵکردنەوەی بڕیارە داراییەکان و باج
لە بەشێکی دیکەی سکاڵاکەدا، داوا کراوە سەرجەم ئەو بڕیارانەی حکومەت کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بوونەتە بارگرانی بەسەر شانی خەڵکەوە، هەڵبوەشێنرێنەوە. نەوەی نوێ جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی "زیادکردنی کرێی کارەبا، بەرزکردنەوەی باج لەسەر کاسبکاران و واژۆکردنی گرێبەستە گەورەکان" دەکاتەوە و دەڵێت ئەم بڕیارانە لە دەرەوەی وادەی یاسایی کابینەکە دراون.
ناوەڕۆکی داواکەی نەوەی نوێ:
کابینەی نۆ لە 10-07-2019 هەڵبژێردراوە.
لە 10-07-2023ـەوە ماوەی یاسایی تەواو بووە.
ناساندنی حکومەت وەک کاربەڕێکەر لە دوای ئەو بەروارە.
هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی کرێی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان.
هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر کاسبکاران.
پوچەڵکردنەوەی واژۆکردنی گرێبەستە گەورە و ستراتیژییەکان.
ڕێگری لە حکومەت بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێکی ستراتیژیی نوێ.
1 کاتژمێر پێش ئێستا