حکومەتی کاربەڕێکەر لە نێوان "بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانە" و "واژۆکردنی گرێبەستی ستراتیژی"دا
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هێڵە سوورەکان بۆ دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر دیاری دەکات و جەخت دەکاتەوە کە هەر بڕیارێکی چارەنووسساز لەم قۆناغەدا، لە ڕووی دەستوورییەوە پووچەڵ و نایاساییە.
سنووری دەسەڵاتەکان و کاروبارە ڕۆژانەکان
بەگوێرەی لێکدانەوەی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر تەنیا لە چوارچێوەی بەڕێکردنی کاروبارە پێویستەکانی ڕۆژانە و گرەنتیکردنی بەردەوامیی دامەزراوەکان کورت دەبێتەوە. ئەم جۆرە حکومەتە بۆی نییە هیچ بڕیارێکی ستراتیژی، چارەنووسساز یان بڕیاری سیاسیی درێژخایەن بدات کە بارگرانیی دارایی و ئیداریی گەورە لەسەر دەوڵەت دروست بکات.
بڕیاری ژمارە 13ـی ساڵی 2024
دادگای فیدراڵی لە بڕیاری ژمارە (13/ئیتیحادی/2024)دا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە؛ هەر بڕیار، فەرمان یان ڕێنماییەکی حکومەت کە لە دەرەوەی خزمەتگوزارییە گشتییە ئاساییەکان بێت، بە نایاسایی هەژمار دەکرێت. بەپێی ئەم بڕیارە، حکومەتی کاربەڕێکەر مافی واژۆکردنی هیچ جۆرە ڕێککەوتنامە و پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی یان ئەو گرێبەستانەی نییە کە کاریگەریی گەورەی سیاسی و ئابوورییان لەسەر وڵات دەبێت.
گرێبەستە 10 ملیار دۆلارییەکەی واشنتن
سەرەڕای ئەم سنووردارکردنە یاساییانە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە ڕۆژی 19-05-2025 و لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، ڕێککەوتنێکی بە بەهای 10 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی (وێسترن زاگرۆس) و (HKN Energy) واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، چونکە بەپێی پێناسەی دادگای فیدراڵی، واژۆکردنی گرێبەستی لەم شێوەیە لە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەردا نییە.
دامەزراندن لە پۆستە باڵاکان
خاڵێکی دیکەی ناکۆک لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پرسی دامەزراندنە لە پۆستە باڵاکاندا. لە کاتێکدا دادگا ئەوەی قەدەغە کردووە، بەڵام مەسرور بارزانی لە ڕۆژی 03-03-2026 فەرمانی دامەزراندنی بۆ 4 ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی شوورا دەرکرد. ئەم بڕیارە کە ئامانج لێی هاوکاریی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بوو، وەک پێشێلکاریی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بینرا.
ئەو کارانەی حکومەتی کاربەڕێکەر "دەتوانێت" ئەنجامیان بدات:
بەڕێکردنی کاروبارە ئاساییەکانی ڕۆژانە.
بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.
پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی.
دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەو کارانەی حکومەتی کاربەڕێکەر "بۆی نییە" ئەنجامیان بدات:
وەرگرتنی قەرزی نوێی ناوخۆیی و دەرەکی.
پێشنیازکردنی پڕۆژەیاسای نوێ بۆ پەرلەمان.
واژۆکردنی ڕێککەوتنامە و پەیماننامەی نێودەوڵەتی.
دامەزراندنی فەرمانبەرانی پلە باڵا و ڕاوێژکاران.
1 کاتژمێر پێش ئێستا