بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران، نرخی نەوت %15 بەرزبووەوە

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
هۆکارێکی سەرەکیی ئەم هەڵکشانە بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هوورمز بەسەر ئێراندا سەپاند
هۆکارێکی سەرەکیی ئەم هەڵکشانە بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هوورمز بەسەر ئێراندا سەپاند

پاشەکشەی دیپلۆماسی و سەپاندنی گەمارۆ و باجی نوێ بەسەر کەشتییەکاندا، نرخی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکاندا تەنیا لە ماوەی 10 ڕۆژدا بە ڕێژەی 15% بەرزکردەوە.

هەڵکشانی خێرای نرخەکان لە بۆرسە

لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا (لە 08ـی تەممووز بۆ 18ـی تەممووز)، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخى نەوت بە ڕێژەی 15% بەرزبووەوە. یەک بەرمیل نەوتى برێنت لە 75 دۆلارەوە گەیشتە 87 دۆلار، هەروەها نەوتى تەکساسیش لە 72 دۆلارەوە بۆ 82 دۆلار بەرزبووەوە. تەنیا لە 2 ڕۆژی ڕابردوودا، هەر بەرمیلێک 3 دۆلاری چووەتە سەر.

گەمارۆی دەریایی و باجی 20%

هۆکارێکی سەرەکیی ئەم هەڵکشانە بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هوورمز بەسەر ئێراندا سەپاند. واشنتن بڕیاری داوە 20% باج لەسەر تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک لەو ناوچەیەدا دابنێت. هاوکات مەترسییەکان لەسەر ئەگەری داخستنی گەرووی بابولمەندەب، کاریگەریی زیاتری لەسەر شڵەژانی بازاڕ دروست کردووە.

شکستی لێکتێگەیشتن و هێرشی سەربازی

سەرەڕای ئەوەی مانگی ڕابردوو هەردوولا یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆ کردبوو، بەڵام ئێستا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن. ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە گەرووی هوورمز و بەندەر عەباس چڕکردووەتەوە، لە بەرانبەریشدا تاران بە مووشەک و درۆن پێگەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو کردووەتە ئامانج.

هەڵوێستی ترەمپ لە لوتکەی ناتۆ

لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە تورکیا (07 و 08ـی تەممووز)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەم لێدوانە بووە سیگناڵێک بۆ بازاڕەکان کە گرژییەکان ڕوو لە زیادبوونن. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نەوتی برێنت بەرەو سێیەم قازانجی هەفتانەی لەسەریەک دەڕوات، کە ئەمەش نیشانەی توندیی قەیرانەکەیە.

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا