دۆلار دەگاتە 160 هەزار دینار؟ پێشبینییە مەترسیدارەکان بۆ بەهای دراوی عێراقی

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دینار و دۆلار لە بازاڕی دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
دینار و دۆلار لە بازاڕی دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

پاش گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن، بەهای دینار کەوتووەتە سەر ڕێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێو، کە ئاییندەکەی بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئابوورییەکان و سەقامگیریی گەرووی هوورمزەوە.

ڕێککەوتنەکانی واشنتن و سندوقی پەرەپێدان

عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ڕۆژی 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەچنە دەرەوە و قۆناغی هاوبەشیی بازرگانی دەستپێدەکات. بۆ دڵنیایی پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، سندوقێکی تایبەت دەکرێتەوە کە تێیدا داهاتی بەشێک لە نەوتی ڕۆژانەی عێراق جیا دەکرێتەوە بۆ پارەدارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی لە وڵاتدا وەبەرهێنان دەکەن.

گرێکوێرەی گەرووی هوورمز و بودجە

یەکێک لە مەترسییە گەورەکان لەسەر بەهای دینار، بەردەوامیی داخستنی گەرووی هوورمزە. ئەگەر ئەم ڕێڕەوە نەکرێتەوە، نوسینەوەی بودجەی ساڵی 2027 زەحمەت دەبێت، چونکە حکومەت ناتوانێت بەم نرخەی ئێستای دینار بودجە دابڕێژێت و کورتهێنان گەورەتر دەبێت. ئەم دۆخە ڕەنگە بانکی ناوەندی ناچار بکات بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێنێت و نرخەکان بۆ 1,450 یان 1,520 دینار بۆ هەر دۆلارێک بگۆڕێت.

ئاڵنگاریی گرووپە چەکدارەکان

پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەهای دراو دەبێت. ئەگەر تاوەکو 30ـی ئەیلوول عەلی زەیدی نەتوانێت گرووپە چەکدارەکان ناچار بە ڕادەستکردنی چەک بکات و عێراق ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی ببێتەوە، ئەوا متمانە بە دینار نامێنێت و زیانێکی گەورەی پێدەگات.

ئەگەرە ئەرێنییەکان و بوژانەوەی ئابووری

لە سیناریۆیەکی گەشبینانەدا، ئەگەر جەنگی ئەمریکا و ئێران یەکلا ببێتەوە و گەرووی هوورمز بکرێتەوە، هاوکات گرووپە چەکدارەکان چەک ڕادەست بکەن، دۆخی دینار زۆر باش دەبێت. هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ لێدانی بیری نوێ و زیادکردنی هەناردەی نەوت، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بەهای دینار و جێگیربوونی بازاڕەکان.

پێشبینیی نرخەکان بۆ مانگەکانی داهاتوو

لە ئێستادا و تاوەکو 30ـی ئەیلوول، پێشبینی دەکرێت بەهای 100 دۆلار لە نێوان 151,000 بۆ 155,000 دیناردا یاری بکات. بەڵام ئەگەر تەپوتۆزی جەنگ نەنیشێتەوە و ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لە ناوخۆدا زیاد بکەن، مەترسی هەیە بەهای 100 دۆلار ئاستی 160,000 دینار تێپەڕێنێت و دینار تووشی داڕمانی گەورە ببێت.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا