د. حەبیب مەحموود: ئەنجامدانی نەشتەرگەری باشترین جۆری چارەسەری گرفتی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرەیە

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی گرفتی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە
وێنەی گرفتی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە

د. حەبیب مەحموود، پسپۆڕیی ورد لە نەشتەرگەریی هەرس و جگەر، نیشانە و چارەسەرەکانی گرفتی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

گرفتی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە چییە؟

ڕیخۆڵەکوێرە بەشێکی باریک و بچووکە، دەکەوێتە کۆتایی ڕیخۆڵەباریکە و سەرەتای ڕیخۆڵەئەستوورە، بڕێکی زۆر لە لیمفەگرێکانی تێدایە. ڕیخۆڵەکوێرە بەشێکە لە کۆئەندامی هەرس، بەڵام هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە کرداری هەرسکردنی خۆراکدا نییە، بۆیە بە لابردنی ڕیخۆڵەکوێرە هیچ کێشەیەک بۆ کۆئەندامی هەرس دروست نابێت. هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە لە ئەنجامی گیران و بەرزبوونەوەی فشاری ناوپۆشی ڕیخۆڵەکوێرەوە دروست دەبێت، پاشان هەوکردنی بەکتریایی بۆ دیواری ڕیخۆڵەکوێرە ڕوودەدات.

نیشانەکانی گرفتی هەوکردنی ڕیخۆلەکوێرە

​ گرفتی هەوکردنی ڕیخۆلەکوێرە چەند نیشانەیەکی هەیە، لەوانە:

  1. ​ ئازاری ناوسک
  2. نەمانی ئارەزووی خواردن
  3. دڵتێکچوون و ڕشانەوە

​ هەندێکجار ڕیخۆڵەکوێرە بە نیشانەی دەگمەن دەردەکەوێت، بۆ نموونە سکچوون یان دروستبوونی گرێ لە شوێنی دروستبوونی گرفتی ڕیخۆڵەکوێرەکە

چارەسەری گرفتی ڕیخۆڵەکوێرە

دەکرێت بە دەرمان و بەبێ نەشتەرگەری چارەسەری گرفتی ڕیخۆڵەکوێرە بکرێت، ئەگەر ڕیخۆڵەکوێرەکە لە قۆناغێکی سەرەتایی و هەوکردنێکی سادەدا بێت، بەڵام چارەخوازەکە ئەگەری سەرهەڵدانەوە یان دروسبوونی گرفتی ڕیخۆڵەکوێرەی درێژخایەنی هەیە.

نەشتەرگەریی لابردنی ڕیخۆڵەکوێرە

ئەنجامدانی نەشتەرگەری باشترین جۆری چارەسەری گرفتی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرەیە، نەشتەرگەرییەکە دەکرێت بە شێوازی کردنەوە و هەڵدڕینی سک بێت، بەڵام باشترین جۆری نەشتەرگەریی لابردنی ڕیخۆڵەکوێرە بریتییە لە لابردنی ڕیخۆڵەکوێرەکە بە ئامێری ناوسکبینی (لاپرۆسکۆپی)، تەنیا لە ڕێگای سێ کونیلەی بچووکەوە بەبێ هەڵدڕینی دیواری سک.

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا