گەشتەکەی واشنتن بە دەستکەوتی گەورەوە کۆتایی هات؛ جەی پی مۆرگان دێتە عێراق

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی
کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئابووری و دارایی لەگەڵ ناوەندە جیهانییەکان ئەنجامدا و پرۆسەی واژۆکردنی ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا بەردەوامە.

هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و شاندی یاوەری کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا باس لە ڕێکارەکانی چاکسازی ئابووری و دارایی کرا بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی ڕاستەقینە. زەیدی هەنگاوەکانی حکومەتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خستە ڕوو، لە بەرامبەردا سندوقی دراو ئامادەیی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی هونەری و ڕاوێژکاری بە عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە داراییەکان.

کردنەوەی لقی بانکی جەی پی مۆرگان

لە چوارچێوەی چاکسازییە بانکییەکاندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی بانکی جەی پی مۆرگان کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر کردنەوەی لقێکی بانکەکە لە عێراق، مەبەست لەم هەنگاوە پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەیە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوخۆی عێراقدا جێبەجێی دەکەن.

پەرەپێدانی کەرتی وزە و گازی سروشتی

لە کەرتی وزەدا، عەلی زەیدی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بریتش پترۆلیۆم و کۆنۆکۆفلیپس کۆبووەوە. هاوکات لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسلەرەیت ئێنرجی ئەمریکی ڕێککەوتن کرا بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەی سەکۆی سەرئاوکەوتووی گاز لە بەندەری خۆرزوبێر، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەربەخۆیی وزە لە عێراق.

کۆبوونەوە لەگەڵ گۆگڵ و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان

لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی ژووری بازرگانی ئەمریکا لە واشنتن، زەیدی بەجیا لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی (گۆگڵ، جی ئی ڤێرنۆڤا، ئێچ کەی ئێن، ڤانتڤ و کۆمیرسیس) کۆبووەوە. ئەم دیدارانە بە ئامانجی ڕاکێشانی تەکنەلۆژیای سەردەم و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بووە بۆ ناو بازاڕی عێراق.

ئەنجامی سەردانەکە و واژۆکردنی 48 ڕێککەوتن

سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن کە لە بەرەبەیانی 14ی تەممووزەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 18ی تەممووز بەردەوامە، دەستکەوتی گرنگی هەبووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەماوەی ئەم پێنج ڕۆژەدا سەرپەرشتی واژۆکردنی 48 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکگەیشتن و هاوبەشی کراوە، کە کەرتە گشتی و تایبەتەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەخۆ دەگرێت.

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا