د. هەردی تاریق: ڤایرۆسی ملەخڕێ لە هەرزەکاراندا ‌دەبێتەهۆی بچووکبوونەوە و پوکانەوەی گونەکان

سەروەر سالار 9 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی کەسێک ملەخڕێی هەیە
وێنەی کەسێک ملەخڕێی هەیە

د. هەردی تاریق زەنگەنە، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، پەیوەندیی نێوان  ملەخڕی و تووشبوون بە نەزۆکی بۆ پیاوان دەخاتەڕوو.

ملەخڕێ چییە؟

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت '' ملەخڕێ نەخۆشییەکی گواستراوەی ڤایرۆسیە و لە کۆتایی وەزری زستان و سەرەتای وەرزی بەهار زیاتر دەردەکەوێت، ملەخڕێ دەبێتەهۆی هەوکردن و هەڵاوسانی لیکە ڕژێنەکان بەتایبەت لیکە ڕژێنی نێوان گوێ و شەویلگە''.

نیشانەکانی ملەخڕێ چین؟

د. هەردی تاریق دەڵێت ''ملەخڕە چەند نیشانەیەکی هەیە''، لەوانە:

  1. ئاوسانی لیکە ڕژێنەکان
  2. ئازاری سەر و ڕشانەوە
  3. لەشداهێزران
  4. ئازاری ماسولکەکان
  5. بەرزبونەوەی پلەی گەرمیی جەستە

پەیوەندیی نێوان ملەخڕێ و تووشبوون بە نەزۆکی

پزیشکەکە دەڵێت '' کاتێک هەرزەکاران تووشی ملەخڕە دەبن، لەسێیەکی چارەخوازەکاندا ڤایرۆسەکە دەگوێزرێتەوە بۆ گونیان و توشی ئاوسان و ئازاری گون دەبن. تەنیا لە 10%ـی هەردوو گونەکان تووشی ڤایرۆسی ملەخڕە دەبن، زۆربەی کات تەنیا یەک گوون تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت. دوای یەک هەفته لە تووشبوون بە ملەخڕێ، گونی چارەخوازەکە تووشی ڤایرۆسی ملەخڕێ دەبێت و دەبێتههۆی ئاوسان، سووربوونەوە، ئازاری گون، تا و ڕشانەوە. کاتێک ڤایرۆسی ملەخڕێ تووشی گونەکان دەبێت لە هەرزەکاراندا ‌دەبێتەهۆی بچووکبوونەوە و پوکانەوەی گونەکان، ئەگەر هەردوو گونەکان تووش ببێت دەبێتەهۆی نەزۆکی و کەمبوونەوەی ئاستی هۆڕمۆنی نێرینە لە چارەخوازەکەدا، لە ساڵی 2003 ـەوە پێکوتەی دژی ڤایرۆسی ملەخڕێ چووەتە ناو پڕۆگرامی پێکوتەی عێراقی و ڕێگری لە تووشبوون بە ئەم ڤایرۆسە دەکات''.

سەروەر سالار

9 کاتژمێر پێش ئێستا