لە یاساکانی ئەوروپاوە تا بازاڕە ڕەشەکانی چین؛ هەموو شتێک دەربارەی کریپتۆ و خاوەن شکۆکانی بیتکۆین
دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە بازاڕێکی سادەوە گۆڕاون بۆ یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی کۆکردنەوەی داهات و سەرمایەگوزاری لە جیهاندا، کە ئێستا لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە ڕێکاری یاسایی توندیان بۆ دەردەچوێندرێت.
یاسای MiCA و ڕێکخستنی بازاڕی کریپتۆ لە ئەوروپا
دراوی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی وڵاتان بە قەدەغەیی ماوەتەوە، بەڵام یەکێتی ئەوروپا لەرێگەی یاسای MiCA (Markets in Crypto-Assets) یەکەم چوارچێوەی یاسایی یەکگرتووی بۆ ئەم بازاڕە پەسند کردووە. ئامانجی ئەم یاسایە پاراستنی وەبەرهێنەران و ڕێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە. بەگوێرەی ئەم ڕێکارانە، دەبێت هەموو ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزاری کریپتۆ پێشکەش دەکەن (وەک ئێکسچەینجەکان)، مۆڵەتی فەرمیی CASP وەربگرن و پابەندی شەفافیەتی دارایی بن. هەر کۆمپانیایەک مۆڵەتەکە لە وڵاتێکی ئەوروپی وەربگرێت، دەتوانێت لە تەواوی 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا کار بکات.
مەرجە توندەکانی کارکردن لە پلاتفۆرمەکاندا
پلاتفۆرمە جیهانییەکانی وەک Coinbase و Kraken ئێستا ڕکابەری دەکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە ئەوروپا. بەپێی یاسا نوێیەکان، ئەم کۆمپانیایانە ناچارن زانیاری کەسیی ناردنکار و وەرگر لە هەر گواستنەوەیەکدا تۆمار بکەن. هەروەها دەبێت 100%ـی پارەی کڕیاران پارێزراو بێت و بۆ هیچ وەبەرهێنانێکی دیکە بەکارنەهێندرێت. لە لایەکی دیکەوە، یاسای MiCA سنووردارکردنی خستووەتە سەر ئەو دراوانەی پاڵپشتی بانکییان لە ناو ئەوروپادا نییە و ڕێسای ژینگەیی توندیشی بۆ بەرهەمهێنانی دراوەکان داناوە. ئێستا قەبارەی وەبەرهێنانی هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی ئەوروپا لەم بوارەدا لە نێوان 450 بۆ 550 ملیار دۆلاردایە.
چین؛ بەردەوامیی مامەڵەکان سەرەڕای قەدەغەکردن
چین لە ساڵی 2021ـەوە هەموو مامەڵەکانی کریپتۆی قەدەغە کردووە، بەڵام هێشتا لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهانە بۆ بەکارهێنان. بەکارهێنەرانی چین ڕێگەی (P2P) بەکاردەهێنن بۆ کڕین و فرۆشتن لە ڕێگەی کاش یان حەواڵەی ناوخۆیی. هەروەها لە ڕێگەی نووسینگەکانی (OTC) کە لەژێر ناوی کۆمپانیای تەکنەلۆجی کاردەکەن، مامەڵە گەورەکان ئەنجام دەدەن. زۆرێک لە دەوڵەمەندەکانی چینیش ئەژمێری بانکی لە هۆنگ کۆنگ دەکەنەوە، چونکە لەوێ کریپتۆ یاساییە. لە ئێستادا سەرەڕای بلۆککردنی ماڵپەڕەکان و چاودێرییە توندەکانی بانک، ساڵانە بە بەهای 80 بۆ 100 ملیار دۆلار سەرمایەی کریپتۆ لە ناو چیندا دەسوڕێتەوە.
ژاپۆن؛ گۆڕینی کریپتۆ بۆ سەرمایەی دارایی
ژاپۆن لە 16ی تەممووزی 2026ـەوە یاسایەکی نوێ جێبەجێ دەکات کە تێیدا پێگەی کریپتۆ لە "ئامرازی گۆڕینەوە" بۆ "سەرمایەی دارایی" دەگۆڕێت، وەک پشکەکانی بۆرسە و زێڕ. یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان، کەمکردنەوەی باجە لە 55%ـەوە بۆ 20%. ئەم یاسایە ڕێگە بۆ کۆمپانیا گەورەکان خۆش دەکات وەبەرهێنان بکەن و ئێکسچەینجەکان ناچار دەکات سەرمایەی کڕیارەکانیان لە ئەژمێری جیاواز و "جزدانی سارد" دابنێن بۆ ئەوەی لە قەرز و وەبەرهێنانی دیکە بپارێزرێت.
پێنج گەورەترین خاوەن بیتکۆین لە جیهاندا
دیاریکردنی خاوەن جزدانەکان بەهۆی سروشتی بلۆکچەینەوە ئاسان نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان ئەم کەسایەتییانە زۆرترین بیتکۆینیان هەیە:
ساتۆشی ناکامۆتۆ: داهێنەری بیتکۆین کە خاوەنی نزیکەی 1.1 ملیۆن بیتکۆینە.
برایانی وینکلڤۆس: خاوەنی 70 بۆ 100 هەزار بیتکۆینن، کە دوای قەرەبووکردنەوەیان لە فەیسبووک لە ساڵی 2013 کڕیویانە.
مایکل سەیلەر: وەک کەسی خاوەنی زیاتر لە 17 هەزار بیتکۆینە.
چانگ پێنگ ژاو (CZ): خاوەنی پێشووی باینانس کە دەیان هەزار بیتکۆینی هەیە.
تیم دراپەر: خاوەنی نزیکەی 30 هەزار بیتکۆینە.
لەسەر ئاستی حکومەتەکانیش، ئەمریکا زیاتر لە 200 هەزار بیتکۆینی هەیە و کۆمپانیای مایکرۆ ستراتیجی خاوەنی نزیکەی 250 هەزار بیتکۆینە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا