ئەمڕۆ دوا مۆڵەتە؛ دەرگای سایلۆکان بەڕووی گەنمی جووتیاراندا دادەخرێن
ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانە لە هەرێمی کوردستان و سایلۆکان لە وەرگرتنی ئەو 400 هەزار تۆنە نزیکبوونەتەوە کە حکومەتی عێراق وەک پشکی هەرێم دیاریکردبوو.
ئامارەکانی وەرگرتنی گەنم لە سلێمانی
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 150,051 تۆن و 400 کیلۆ گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە. پشکی گشتی پارێزگای سلێمانی 161,000 تۆنە، لەو بڕەی وەرگیراوە 115,619 تۆن و 940 کیلۆی لە چوارچێوەی پلان و 34,431 تۆن و 460 کیلۆشی لە دەرەوەی پلان بووە. نزیکەی 11,000 تۆن گەنم ماوە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە جووتیاران وەربگیرێت.
وەرگرتنی گەنم لە هەولێر و مەخموور
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا 120,673 تۆن گەنم لە جووتیارانی هەولێر وەرگیراوە، لە کاتێکدا پشکی پارێزگاکە 122,000 تۆنە. هاوکات لە دەرەوەی پشکی 400 هەزار تۆنەکەی هەرێم، بڕی 69,480 تۆن گەنم بۆ جووتیارانی گوێڕ و مەخموور تەرخانکراوە، کە تاوەکو ئێستا 66,371 تۆنی لێ وەرگیراوە.
پشکی پارێزگای دهۆک
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، پشکی پارێزگای دهۆک بۆ وەرگرتنی گەنم 116,000 تۆن دیاریکراوە. تاوەکو ئێستا تیمەکانی سایلۆ توانیویانە نزیکەی 110,000 تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەربگرن.
کۆتایی وەرزی وەرگرتن و شایستە داراییەکان
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ 18ی تەممووز وەرزی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. پشکی دیاریکراو 400,000 تۆنە، کە بەسەر دوو جۆر نرخدا دابەشکراوە؛ 292,000 تۆن لە چوارچێوەی پلاندا بە نرخی 700,000 دینار بۆ هەر تۆنێک، و 108,000 تۆنەکەی دیکە بە نرخی 500,000 دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت. کۆی گشتی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ئەمساڵ 258 ملیار و 400 ملیۆن دینار دەکات.
4 کاتژمێر پێش ئێستا