کەشناسی: سبەی پلەی گەرمای بەسڕە دەگاتە 51 پلەی سیلیزی

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هاوڵاتییەکی عێراقی بە خاولی تەڕ و هەڵمی ئاو خۆی فێنک دەکاتەوە. فۆتۆ: AFP
هاوڵاتییەکی عێراقی بە خاولی تەڕ و هەڵمی ئاو خۆی فێنک دەکاتەوە. فۆتۆ: AFP

شەپۆلێکی گەرما ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق پلەکانی گەرما بگەنە نیوەی کوڵان.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ کەمێک بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆمار دەکرێت کە 45 پلەیە. هەروەها لە هەولێر و چەمچەماڵ 43 پلە، لە سلێمانی و دهۆک 42 پلە دەبێت. فێنکترین ناوچەکانی هەرێمیش حاجی ئۆمەرانە بە 35 پلە و پیرمام بە 38 پلەی سیلیزی.

پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی لە هەرێم

بۆ سبەی یەکشەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بن و نزیک بن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. تەنیا لە ناوچەی گەرمیان پلەی گەرما یەک پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە 46 پلەی سیلیزی.

شەپۆلێکی توند لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق

کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، سبەی یەکشەممە پلەکانی گەرما لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە. لە بەغداد 48 پلە، لە سەڵاحەدین، دیالە و کەربەلا 47 پلە تۆمار دەکرێت. پارێزگاکانی واست، بابل، نەجەف و دیوانییەش دەگەنە 49 پلەی سیلیزی.

گەیشتن بە پلەی نیوەی کوڵان لە باشوور

بەپێی پێشبینییەکان، گەرما لە پارێزگاکانی میسان، زیقار و موسەننا دەگاتە 50 پلەی سیلیزی. هاوکات پارێزگای بەسڕە بەرزترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی وڵات تۆمار دەکات و پلەی گەرما تێیدا دەگاتە 51 پلەی سیلیزی.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا