50 هەزار سەرباز لە 10 وڵات؛ نەخشەی نوێی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا نوێترین ئاماری هێزەکانی لە ناوچەکە بڵاوکردەوە، کە تێیدا کوەیت بە پلەی یەکەم دێت لە میوانداریکردنی زۆرترین سەربازی ئەمریکی و عێراقیش لە ڕیزبەندییەکانی کۆتایی دایە.
دابەشبوونی گشتی هێزەکان لە ناوچەکە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە لە 15ی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، ئێستا 50,000 سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرکراون. ئەم هێزانە تێکەڵەیەک لە هێزی دەریایی و زەمینین؛ بەشێکیان دوای گرژییەکانی مانگی شوبات لەگەڵ ئێران ڕەوانە کراون و بەشەکەی دیکەشیان لە بنکە جێگیرەکانی ناو 10 وڵاتی جیاوازدا دابەشکراون.
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
لە عێراقدا نزیکەی 2,500 سەربازی ئەمریکی ماونەتەوە، کە لە سێ بنکەی سەرەکی جێگیرکراون: بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، بنکەیەک لە ناوچەی سەوزی بەغداد و بنکەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. بەپێی پلانەکان، بڕیارە ئەم هێزانە تاوەکو ئەیلولی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە.
کوەیت؛ ناوەندی یەکەمی کۆبوونەوەی هێزەکان
وڵاتی کوەیت میوانداری زۆرترین ژمارەی سەربازانی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکەدا، کە ژمارەیان دەگاتە 13,500 سەرباز. ئەمریکا بنکەکانی 'عارفجان' و بنکەی ئاسمانی 'عەلی سالم' وەک ناوەندی سەرەکی لۆجستی و گواستنەوەی ئاسمانی بۆ سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنێت.
قەتەڕ و بەحرەین؛ پێگەی ستراتیژی سێنتکۆم
لە قەتەڕ، بنکەی ئاسمانی 'عودەید' گەورەترین بنکەی ئەمریکایە و ناوەندی فەرماندەیی سێنتکۆمە، کە 10,000 سەربازی لێیە. هاوکات لە بەحرەین ناوەندی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان و کەشتییە جەنگییەکانە و نزیکەی 9,000 سەرباز لەو وڵاتەدا جێگیرکراون.
ئیمارات و ئوردن؛ چاودێری ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی
بنکەی ئاسمانی 'زەفرە' لە ئیمارات بە کلیلی چاودێری ئاسمانی ئەمریکا دادەنرێت و 3,500 بۆ 5,000 سەربازی لێیە. لە ئوردنیش، بنکەی 'موەفەق سەڵتی' (ئەزرەق) ناوەندی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی سوپای ئەمریکایە لە شام و نزیکەی 3,000 سەرباز لەخۆدەگرێت.
سعودیە، عومان و تورکیا
لە سعودیە بنکەی 'شازادە سوڵتان' 2,300 بۆ 2,700 سەربازی لێیە و ئەرکی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی دەبینێت. عومان 600 سەربازی لە بنکەکانی سەلالە و دوقم هەیە بۆ لۆجستی دەریایی. هەروەها لە تورکیا و لە بنکەی 'ئینجیرلیک' و چەند شوێنێکی دیکە، 1,717 سەرباز جێگیرکراون کە چالاکیی ئاسمانی هاوبەش ئەنجام دەدەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا