وەزارەتی دارایی عێراق: کورتهێنانی دارایی لە 5 مانگی ئەمساڵدا گەیشتە نزیکەی 13 تریلیۆن دینار
لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، عێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورەی دارایی بووەتەوە و زۆرینەی خەرجییەکانی وڵات بۆ مووچە و بەکاربردن ڕۆیشتوون نەک بۆ کەرتی وەبەرهێنان.
داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق
بەگوێرەی خشتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی گشتیی داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 33 تریلیۆن و 747 ملیار دینار. لەم بڕە، داهاتی نەوت 27 تریلیۆن و 269 ملیار دینار بووە کە 84%ـی کۆی داهات پێکدەهێنێت. هاوکات داهاتی نانەوتی تەنیا 16%ـی داهاتەکانی پێکهێناوە کە بڕەکەی 6 تریلیۆن و 477 ملیار دینار بووە.
خەرجییەکان و کورتهێنانی دارایی
کۆی گشتیی خەرجییەکانی عێراق لەو ماوەیەدا 46 تریلیۆن و 697 ملیار دینار بووە. لەم بڕە، 45 تریلیۆن و 70 ملیار دیناری بۆ خەرجیی بەکاربردن (مووچە و پێداویستی ڕۆژانە) ڕۆیشتووە کە دەکاتە 97.2%ـی کۆی خەرجییەکان. لە بەرامبەردا، تەنیا 1 تریلیۆن و 626 ملیار دینار بۆ کەرتی وەبەرهێنان تەرخان کراوە کە تەنیا 2.8%ـی خەرجییەکانە. بەمەش عێراق 12 تریلیۆن و 950 ملیار دینار کورتهێنانی دارایی هەبووە کە دەکاتە 27.7%ـی کۆی خەرجییەکان.
شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، حکومەتی فیدراڵ بڕی 5 تریلیۆن و 158 ملیار دیناری بۆ تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 453 ملیار و 386 ملیۆن دیناری وەک داهاتی نانەوتی فیدراڵی بە کاش خستووەتە سەر هەژماری دارایی عێراق. جێگەی ئاماژەیە، لە مانگی ئایاردا بەغداد بڕی 70 ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەرێم بڕیوە وەک پشکی داهاتی نانەوتی.
خەرجیی وەزارەتەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە
زۆرترین خەرجیی وەزارەتەکان بەر وەزارەتی دارایی کەوتووە کە 11 تریلیۆن و 103 ملیار دینار بووە، دوای ئەو وەزارەتی ناوخۆ بە 5 تریلیۆن و 556 ملیار دینار و وەزارەتی پەروەردە بە 4 تریلیۆن و 612 ملیار دینار دێن. سەبارەت بە خەرجیی سێ سەرۆکایەتییەکە؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 3 تریلیۆن و 261 ملیار دینار، ئەنجوومەنی نوێنەران 247 ملیار دینار و سەرۆکایەتیی کۆمار 19 ملیار دیناریان خەرج کردووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا