پارتی دەم بۆ کەناڵ8: گفتوگۆ لەسەر زمانی فەرمی و ئاڵای تورکیا ناکەین
بەرپرسانی پارتی دەم وردەکاریی نوێ لەبارەی پرۆسەی "تورکیای بێتیرۆر" و دانوستانەکان لەگەڵ ئەنقەرە ئاشکرا دەکەن و جەخت لە کشانەوەی پەکەکە لە چەندین ناوچەی مەترسیدار دەکەنەوە.
هەڵوێستی پارتی دەم لەسەر دەستووری تورکیا
لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) ڕایانگەیاند، لە میانی گفتوگۆکانی هەموارکردنەوەی دەستووردا، دەستکاری چوار ماددەی یەکەمی دەستوور ناکەن. ساروهان ئۆڵوچ، پەرلەمانتاری پارتی دەم ئاماژەی بەوە کرد کە باس و خواست لەبارەی ئەو چوار ماددەیەی تایبەتن بە زمانی فەرمی، ئاڵا و یەکپارچەیی خاکی تورکیا لە بەرنامەی کاری ئەواندا نییە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە زەمینەیەکی نوێ بۆ دانوستان لە نێوان پارتی دەم و ئاکپارتی دروست بووە، کە ڕەنگە ڕێگە بۆ خۆپاڵاوتنەوەی ئەردۆغان خۆش بکات.
کشانەوەی پەکەکە و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان
تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم ئاشکرای کرد، لە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 بۆ چەکدانان، دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پەکەکە لە زۆرێک لەو ناوچانە کشاوەتەوە کە مەترسی پێکدادانیان تێدا بووە، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گرژی و نەهێشتنی زەمینەی شەڕ. بە گوتەی تەمەل، دروستکردنی بنکەی سەربازیی نوێ لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستانیش وەستێنراوە.
داواکاری بۆ دەرکردنی "یاسای چوارچێوە"
پارتی دەم پێداگری لەسەر پێویستی پێکهێنانی چوارچێوەیەکی یاسایی دەکات کە لە قۆناغی یەکەمدا بە تەواوەتی چەک لە هاوکێشەکە دەربهێنێت. تەیب تەمەل ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستیان بە یاسایەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دۆسیە یاساییەکانی دژ بە ئەندامانی پەکەکە، لەوانەش بەرپرسە باڵاکان، تاوەکو دەرفەتی بەشداریکردنەوەیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بۆ بڕەخسێت. پارتەکە داوا دەکات هەنگاوی یەکەم "یاسای ئاشتی و دانوستان" بێت و هەنگاوی دووەمیش "یاسای ئازادییەکان" بێت بۆ دیموکراتیزەکردنی وڵات.
ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم دەستخۆشی لە ڕۆڵی کارەکتەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. تەمەل ئاماژەی بەوە کرد کە چ لە هەولێر و چ لە سلێمانی، پشتگیری و هاوکاریی گرنگ بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە هەبووە و بەشداربوونی لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی بە فاکتەرێکی ئەرێنی بۆ بەرەوپێشبردنی دیالۆگ و دانوستانەکان وەسف کرد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا