وەزیری پەروەردە: ڕێگە بە گواستنەوەى مامۆستایان لە پەروەردەیەک بۆ پەروەردەیەکى دیکە نادرێت

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی وەزارەتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میلاکاتدا زنجیرەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد، کە تێیدا گواستنەوەی مامۆستایان لە پەروەردەیەک بۆ پەروەردەیەکی دیکە قەدەغە دەکات و ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.

قەدەغەکردنی گواستنەوەی مامۆستایان

بەگوێرەی نووسراوێک کە بە واژۆی وەزیری پەروەردە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان کراوە، گواستنەوەی مامۆستایان بۆ دەرەوەی سنووری پەروەردەکەی خۆیان ڕاگیراوە. هەرچەندە دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات لە ناوخۆی سنوورەکەیان، بەڵام تەنیا لە یەک حاڵەتدا ڕێگە بە گواستنەوەی مامۆستا بۆ پەروەردەیەکی دیکە دەدرێت، ئەویش ئەگەر مامۆستاکە لە میلاکی پەروەردەکەی خۆی زیادە بێت، ئەوا تەنیا بە شێوەی کاتی دەگوازرێتەوە.

دیاریکردنی بەشەوانەکانی خوێندن

لە بڕیارە نوێیەکەدا، وەزارەتی پەروەردە بەشەوانەی مامۆستایانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە. بەجۆرێک هەر مامۆستایەک لە قۆناغی 1 بۆ 9ی بنەڕەتی دەبێت 24 بەشەوانەی هەفتانەی هەبێت. بۆ مامۆستایانی قۆناغی ئامادەییش، 22 بەشەوانەی هەفتانە دیاریکراوە.

ڕێگریکردن لە گۆڕینی ناونیشانی وەزیفی

بەشێکی دیکەی نووسراوەکە تایبەتە بە گۆڕینی ناونیشانی مامۆستایان، تێیدا هاتووە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ناونیشانی مامۆستا بگۆڕدرێت بۆ فەرمانبەر. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە یەک بارودۆخدا دەکرێت، ئەویش لە کاتی هەبوونی ڕاپۆرتی پزیشکیی باوەڕپێکراو کە نەتوانێت وەک مامۆستا بەردەوام بێت.

هۆکاری ناڕەزایی مامۆستایان

بڕیاری ڕێگریکردن لە گواستنەوە لە پەروەردەیەک بۆ پەروەردەیەکی دیکە، کاردانەوەی لای بەشێک لە مامۆستایان دروستکردووە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە یان ئەو ماوە یاساییەی خزمەتیان لە دەرەوەی شارەکان تەواو کردووە و چاوەڕوانی ئەوە بوون بۆ ساڵی نوێی خوێندن بگەڕێنەوە بۆ سەنتەری شارەکان، بەڵام ئەم بڕیارە ڕێگری لەو هەوڵانەیان دەکات.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا