"نەبنە چاوساغ بۆ لایەنی شەڕکەر"؛ ڕێنماییە نوێیەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بۆ میدیاکان

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بارەکانی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
بارەکانی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، زنجیرەیەک ڕێنمایی نوێی بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاسایی و جەنگدا بڵاوکردەوە و هۆشداری دەداتە کەناڵەکان کە دووربکەونەوە لەو ڕەفتارانەی زیان بە ئاسایشی نیشتمانی دەگەیەنن.

پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان

سەندیکاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت دەکاتەوە کە نابێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سنووری سلێمانی. داوا دەکات کەناڵەکان تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان و لێدوانی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەستن. هەروەها داوا کراوە میدیاکان بەرپرسیارێتی وتاری میدیایی بکەنە بەشێک لە ستراتیژییان و لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێبنەما و چەواشەکار خۆیان بپارێزن.

ڕێگریکردن لە ڕووماڵی شوێنی بۆردومانەکان

بەپێی ڕێنماییەکان، نابێت ڕووماڵی شوێنی بۆردومان و تەقینەوەکان بکرێت تاوەکو لایەنە بەرپرسەکان پشکنینی تەواوی بۆ دەکەن. سەندیکاکە ئاماژە بەوە دەکات کە بڵاوکردنەوەی خێرای وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان وەک "چاوساغیی" بۆ لایەنی شەڕکەر هەژمار دەکرێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە نابێت لە شوێنی بۆردومانەکاندا قەرەباڵغی خەڵک و چاوپێکەوتنی میدیایی دروست بکرێت.

دیاریکردنی جوگرافیا و پەخشی ڕاستەوخۆ

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە کە دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان "خەتی سوورە" و دیاریکردنی جوگرافیای وردی شوێنی ڕووداوەکان بە شکاندنی پرۆتۆکۆڵی بەرپرسیارێتی یاسایی دادەنرێت. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی درۆن یان مووشەک، ئەو شوێنە دەبێتە "شەڕگە"، بۆیە ئەنجامدانی هەر جۆرە پەخشێکی ڕاستەوخۆ (Live) تێیدا قەدەغەیە، چونکە سەقامگیری کۆمەڵگە و ئاسایشی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا