ڕاپۆرتێک پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبات؛ بۆچی ترەمپ دەرگای کۆشکی سپی بە ڕووی نەتانیاهوودا داخست؟
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاڵۆزییەکی قووڵ لە پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو ئاشکرا دەکات، کە بەهۆی پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا و لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە دروستبووە.
ناڕوونی لە وادەی کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتانیاهوو
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ترەمپ میوانداریی نەتانیاهوو دەکات، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەم هەواڵەیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە هیچ کۆبوونەوەیەک لەو شێوەیە لە ئارادا نییە. هەرچەندە نەتانیاهوو لەم خولەدا 6 جار سەردانی کۆشکی سپی کردووە، بەڵام ئێستا زیاتر لە 2 هەفتەیە هەوڵ دەدات وادەیەک بۆ دیدار لەگەڵ ترەمپ وەربگرێت و سەرکەوتوو نەبووە.
کاریگەریی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە
گرژییەکان دوای لوتکەی ناتۆ لە ڕۆژانی 7 و 8ی تەممووز لە ئەنقەرە دەستیپێکرد. لەوێ ترەمپ بەڵێنی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دا فڕۆکەی ئێف-35 بداتە تورکیا. ئەم بڕیارە ناڕەزایی توندی ئیسرائیلی لێکەوتەوە، چونکە نەتانیاهوو ئەم هەنگاوە بە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەبینێت. پێشتر ترەمپ پێشنیاری کردبوو نەتانیاهوو ڕاستەوخۆ دوای لوتکەکەی ئەنقەرە سەردانی واشنتن بکات، بەڵام دواتر هاوکێشەکان گۆڕان.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی واشنتن
نووسینگەی نەتانیاهوو ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکوەزیران دەیەوێت بۆ بەشداری لە پرسەی لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا گەشت بکات و لەوێ لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە. تەنانەت فڕۆکەی حکوومی و تیمێکی پرۆتۆکۆل و ئەمنی بۆ واشنتن ڕەوانە کران. بەڵام دواتر نووسینگەی نەتانیاهوو هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی بەهۆی "دواخستنی ڕێوڕەسمی پرسەکە" ڕاگەیاند. ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە دەڵێت، ڕاستە نەتانیاهوو ویستوویەتی چاوی بە ترەمپ بکەوێت، بەڵام کۆبوونەوەکە هەرگیز لە خشتەی دیداری ترەمپدا جێگیر نەکراوە.
تووڕەیی ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەی فۆکس نیوز
دوای گەڕانەوەی ترەمپ لە تورکیا، نەتانیاهوو لە کەناڵی 'فۆکس نیوز' ڕەخنەی لە نیازی ترەمپ گرت بۆ فرۆشتنی ئێف-35 بە تورکیا. بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە ترەمپ بەو قسانە "تووڕە بووە" و گوتوویەتی نەتانیاهوو مافی ئەوەی نییە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی ئەو دابنێت. هاوکات بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە نەتانیاهوو بەهۆی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران و فراوانبوونی جەنگ، بڕیاری داوە لە ئیسرائیل بمێنێتەوە و گەشتەکەی نەکات.
زانیارییە هەواڵگرییەکان و پیلانی کوشتنی ترەمپ
لە کاتی گەشتەکەی ترەمپ بۆ تورکیا، ئیسرائیل زانیاریی دابووە ئەمریکا کە ئێران پیلانی کوشتنی ترەمپی لە ناو تورکیا هەیە، ئەمەش وایکرد دەزگای نهێنی ئەمریکا فڕۆکەی گەشتەکەی ترەمپ بگۆڕێت بۆ فڕۆکەیەکی کۆنی هێزی ئاسمانی. بەڵام دەزگای هەواڵگری تورکیا دوای بەدواداچوون بە ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە هیچ پیلانێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە و زانیارییەکان ڕاست نین.
1 کاتژمێر پێش ئێستا