عەلی زەیدی: لێکتێگەیشتنی بانکی ناوەندی و گەنجینەی ئەمریکا هەنگاوێکی گرنگە بۆ چاکسازیی بانکی

ئارام یوسف 57 خولەک پێش ئێستا
دیدار و کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەگەل لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە. فۆتۆ: AFP
دیدار و کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەگەل لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە. فۆتۆ: AFP

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە ڕێککەوتنی نوێی نێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکات و بە دەستپێکێکی نوێ بۆ ئاوێتەبوونی بانکەکانی عێراق بە سیستمی دارایی جیهانی ناوی دەبات.

گەڕانەوەی 7 بانکی عێراق بۆ کەناڵە نێودەوڵەتییەکان

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دووبارە هاتنەناوەوەی 7 بانکی عێراق بۆ ناو کەناڵە فەرمییە بانکییە دەرەکییەکان بۆ دراوە بیانییەکان، ئامادەکارییە بۆ گەڕانەوەی ڕێگەپێدان بەو بانکانە تاوەکو مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی بکەن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە دوای تەواوکردنی داواکارییەکان و پابەندبوونی بانکەکان بە مەرجە دیاریکراوەکان جێبەجێ دەکرێت.

بەهێزکردنی متمانە بە کەرتی بانکی

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم هەنگاوەی بە سەرکەوتنی ئاڕاستەی چاکسازیی دارایی حکومەتەکەی وەسف کرد. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم لێکتێگەیشتنە متمانە بە کەرتی بانکی عێراق بەهێزتر دەکات و ئاسۆیەکی فراوان لەبەردەم ئابووری نیشتمانی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر دەکاتەوە، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات دەکات.

شەفافییەت و پێگەی ئابووری عێراق

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، زەیدی جەختی لە بەردەوامبوونی پشتگیرییەکان بۆ چاکسازیی دارایی و جێگیرکردنی بنەماکانی شەفافییەت و حوکمڕانی کردەوە. ئامانج لەم هەوڵانە بەهێزترکردنی پێگەی ئابووری عێراقە لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بە جۆرێک کە سیستمە داراییەکە هاوشانی پێوەرە جیهانییەکان بێت.

ئارام یوسف

57 خولەک پێش ئێستا