لە سبەینێوە؛ دابەشکردنی غاز لە سلێمانی دەبێتە "فۆڕمی خۆراک"
پاش گرانبوونی نرخی غاز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە سبەینێوە شێوازێکی نوێ بۆ دابەشکردنی غاز لە ناوەندی شاری سلێمانی جێبەجێ دەکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ.
پەیڕەوکردنی سیستمی فۆڕمی خۆراک بۆ دابەشکردنی غاز
لە سبەینێوە دابەشکردنی غازی ماڵان لە ناوەندی شاری سلێمانی دەگۆڕدرێت و دەبێتە لە ڕێگەی فۆڕمی خۆراکەوە. ئەم بڕیارە وەک ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لەو کەسانە دەرچووە کە غاز بە گران دەفرۆشنەوە و دەیانەوێت بازاڕ قۆرخ بکەن.
عومەر عەبدوڵا: ڕێگە بە دروستبوونی قەیران نادەین
عومەر عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی ڕایگەیاند، غازی پێویست لە کۆگاکاندا هەیە و هیچ گرفتێکی کەمبوونی غاز بوونی نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێگە نادەن قەیرانی غاز لە شارەکەدا دروست ببێت و هەر کەسێک یان لایەنێک بازاڕ قۆرخ بکات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.
سزادانی گرانفرۆشان و داخستنی شوێنەکان
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاشکرای کرد، غازی پێویست بۆ سەرجەم نانەواخانەکان و شوێنە گشتییەکان دابینکراوە. ڕاشیگەیاند کە پسوڵەی سەرپێچییان بۆ هەموو ئەو کەسانە کردووە کە غازیان گران کردووە، جگە لە سزای دارایی، ئەو ناوەند و شوێنانەش بە تەواوەتی دادەخرێن. لە سبەینێشەوە گەیاندنی غاز بۆ گەڕەکەکان تەنیا لە ڕێگەی بریکارەکانەوە دەبێت.
هۆکاری گرانبوونی غاز و دۆخی کێڵگەی کۆرمۆر
دوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە ڕۆژی 16ی تەممووزی 2026ـەوە بەشێک لە غازفرۆشان نرخەکەیان بەرزکردەوە. کێڵگەی کۆرمۆر کە شادەماری وزەی هەرێمی کوردستانە، بەهۆی ئەوەی چەندین جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، زیانی ماددیی ملیۆنان دۆلاری بەرکەوتووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروست کردووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا