وەزارەتى ڕۆشنبیرى بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن: نەبنە هۆى پشێوى بازاڕ و بەرزبوونەوەى نرخ
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هۆشداری دەداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەر جۆرە ڕووماڵێک کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.
پاراستنى ئاسایشى نیشتمانى و کۆمەڵایەتى
بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە سەر بە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان، 4 ڕێنمایی نوێی ئاڕاستەى سەرجەم دەزگاکانى ڕاگەیاندن کرد. وەزارەت داوا دەکات لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان، میدیاکان هەوڵی جدی بدەن بۆ پاراستنى ئاسایشى نیشتمانى و کۆمەڵایەتى و دووربکەونەوە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی نانەوەی پشێوی.
ڕێگریکردن لە تێکچوونى دۆخى ئابوورى
بەشێکی سەرەکی ڕێنماییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ڕووماڵە میدیاییەکان ببنە هۆى نانەوەى پشێوى لە بازاڕ و بەرزبوونەوەى نرخى کاڵاکان. وەزارەتی ڕۆشنبیری داوا دەکات دەزگاکانى ڕاگەیاندن خۆیان لەو جۆرە ڕووماڵانە بەدووربگرن کە کاردانەوەی نەرێنییان لەسەر دۆخى ئابوورى دەبێت و دەبنە هۆکاری گرانبوونی نرخەکان لەسەر هاووڵاتیان.
پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان
وەزارەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە سەرجەم دەزگاکان پابەندى ڕێکارە پیشەییەکان بن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەى هەرجۆرە زانیارى، وێنە یان ڤیدیۆیەکى ناڕاست بەدووربگرن. ئاماژە بەوەش کراوە کە دەبێت میدیاکان تەنیا زانیارى لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە و تێکچوونی سەقامگیری بکرێت.
لێپێچینەوە لە سەرپێچیکاران
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە هەر جۆرە پێشێلکارییەک بەرامبەر ئەم ڕێنماییانە ئەنجام بدەن، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەى یاسایی دەبنەوە. وەزارەتى ڕۆشنبیرى جەختی کردووەتەوە کە چاودێری وردی ڕووماڵەکان دەکەن و ڕێکارى پێویست بەرامبەر ئەو لایەنانە دەگرنەبەر کە پابەندی ڕێکارەکان نابن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا