بەرشەلۆنە کوندێ بە هەرزان نافرۆشێت
یانەی بەرشەلۆنە لە دۆسیەی ڕۆیشتنی جول کوندێی بەرگریکاری فەرەنسا، هێڵی سووری دارایی دیاریکردووە و پێشنیارە لاوازەکانی بایرن میونشنی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە ڕەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، سەرەڕای ئەوەی بەرشەلۆنە کوندێی بە یاریزانێکی دەستلێنەدراو دانانێت، بەڵام بەرپرسانی یانەکە مکوڕن لەسەر ئەوەی بە نرخێکی کەم دەستبەرداری نەبن، یانەی بایرن میونشن لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی تواناكانی ئەو یاریزانە چڕ کردووەتەوە، بەڵام پێشنیارەکەیان کە تەنیا 40 ملیۆن یۆرۆیە، بە هیچ شێوەیەک ئاستی چاوەڕوانییەکانی بەرشلۆنەی تێنەپەڕاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی دیاریۆ سپۆرت، کارگێڕیی بەرشەلۆنە هێڵێکی سووریان بۆ فرۆشتنی کوندێ داناوە و داوای بڕێک پارە دەکەن، کە لە نێوان 50 بۆ 60 ملیۆن یۆرۆدایە؛ ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی بەهای بازاڕی یاریزانەکە.
لە ئەگەری ڕۆیشتنی یەکجاریی کوندێ، پێدرۆ پۆرۆی یاریزانی تۆتنهام وەک یەکەم بژاردەی بەرشەلۆنە بۆ شوێنگرتنەوەی دیاری کراوە، ئەویش دوای ئەوەی پۆرۆ لە مۆندیالی 2026 ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەش کرد.
سەرەڕای ئەو ئامانجەی بەرشەلۆنە، بەڵام ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز و تێچووی بەرز دەبێت، چونکە پۆرۆ تازە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە نوێکردووەتەوە و تۆتنهام بەئاسانی دەستبەرداری نابێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا