کرێکارێک لە ڕزگاری گیانیلەدەستدا؛ ئەمساڵ 3 کرێکار لە گەرمیان گیانیان لەدەستداوە
بەیانیی ئەمڕۆ لە شارەدێی ڕزگاریی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، کرێکارێکی تەمەن 46 ساڵ لەکاتی کارکردندا بەهۆی داڕووخانی سەقفی دووکانێک بەسەریدا، بە سەختی بریندار بوو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، پۆلیسی ناوچەکەش ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.
ڕوونکردنەوەی پۆلیس لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە
سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاندووە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە شارەدێی ڕزگارییەوە کرێکارێکی بریندار گەیێنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بۆ وەرگرتنی چارەسەر، و لەبارەی هۆکارەکەشیەوە گوتی، کرێکارەکە لەکاتی کارکردندا لەناو بازاڕی شارەدێی ڕزگاری سەقفی دووکانێک بەسەریدا کەوتووە و بریندار بووە.
گواستنەوەی تەرمەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەرچەندە کرێکارەکە چارەسەری پێویستی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادیی کەلار کراوە و پۆلیسیش لەسەر ڕووداوەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
ناسنامەی قوربانییەکە
کرێکارە گیانلەدەستداوەکە لەدایکبووی 1980یە و دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری بووە.
ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ناوچەکە
بەم کرێکارەی ئەمڕۆوە لە سەرەتای ساڵەوە لە سنووری گەرمیان، 3 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا