بەرزترین نرخی بلیتی یاریی کۆتایی مۆندیال گەیشتە 3 ملیۆن دۆلار
بەرزترین نرخی بلیتی تەماشاکردنی یاریی کۆتایی جامی جیهانیی تۆپی پێ، کە بڕیارە سبەینێ لە یاریگای مێتلایڤ لە نێوان هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا ئەنجام بدرێت، گەیشتە 3 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی؛ لەکاتێکدا هەرزانترین بلیتی یارییەکە لەم کاتەدا نرخەکەی 7 هەزار دۆلاری تێپەڕاند، بە زمانی بازاڕ 90 وەرەقەی تێپەڕاند.
فرۆشتنەوەی بلیتەکان لە بازاڕی دووەمدا
بێگومان زۆربەی بلیتەکانی ئەم یارییە بە نرخە فەرمییەکانیان فرۆشراون، ئەمانەی ئێستا بەردەستن لە دەستی دوو دەکڕێنەوە و بۆ ئەمەش بەگوێرەی جۆری بلیتەکە، 20% بۆ 32% باجی زیادە دەبێت بدرێت بە فیفا.
بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 بۆ نرخی بلیتە گرانبەهاکان
کەناڵ8 لەبارەی نرخی بلیتەکان لە وێبسایتە جیاوازەکاندا ڕایگەیاند، بەدواداچوونی بۆ نرخەکان کردووە و دەرکەوتووە بەرزترین بلیت کە ڤی ئای پییەکان و شوێنە تایبەتەکانن، نرخەکەی 2 ملیۆن و 299 هەزار و 998 دۆلارە، ئەمەش لەگەڵ کرێی فیفادا کە بەرامبەر بە فرۆشتنی هەر بلیتێک وەریدەگرن، دەگاتە 3 ملیۆن دۆلار.
تێچووی کڕینی هەرزانترین بلیتەکان لە ئێستادا
نرخی هەرزانترین بلیت کە لە دەستی دوو ئێستا بەردەستە، دەگاتە 7448 دۆلار، بەڵام لەگەڵ باجی زیادەی فیفادا نزیک دەبێتەوە لە 9 هەزار و 800 دۆلار، بە زمانی بازاڕ 98 وەرەقە.
جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی ڕەش
بێگومان ئەم نرخە خەیاڵییانە لە فرۆشتنی یەکەمجاری فیفادا نین و دواتر بەهۆی گرنگیپێدانی هاندەران و فرۆشتنی تەواوی بلیتەکانەوە بەرز دەبنەوە. ئەگەر باس لە گرنگترین نرخی فرۆشتنی بلیتەکانی یاریی کۆتایی لە وێبسایتی فەرمیی فیفا بکەین، نرخەکەی نزیکەی 33 هەزار دۆلار بووە، بە زمانی بازاڕ 3 دەفتەر و 30 وەرەقە؛ لەکاتێکدا هەرزانترینی 2030 دۆلار بووە، واتە 20 وەرەقە و 30 دۆلار.
نرخە سەیرەکانی کورسییە ئاساییەکانی یاریگا
لە هەمووی سەیرتر نرخی خەیاڵیی چەند بلیتێکە کە تەنانەت لۆکس و ڤی ئای پیش نین و لە کاتێگۆرییەکانی خوارەوەن؛ کە چوار کورسیی ئاسایی یەک لەدوای یەکن لە پشت گۆڵەکانەوە لە ڕیزی 45، کە نرخی هەر بلیتێکیان 2 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە. هەروەها چەند بلیتێکی تاکەکەسی دیکەش لە بەشی ناوەڕاست، قاتی 3ـی یاریگەکە، نرخیان گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 29 هەزار دۆلار، کە ئەمانە کورسیی ئاسایین و هیچ تایبەتمەندییەکیان نییە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا